پەروەردەى سلێمانى ئاگادارکردنەوەیەکی بۆ بەڕێوەبەرى پەروەردە و خوێندنگە و باخچەکان ناردووە، کە هەر مامۆستایەک دەوام نەکات بە"نەهاتوو" هەژمار دەکرێت.
ئاوێنە: لەمبارەیەوە سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە رایگەیاندوە: "ئەو ئاگادارییە تایبەتە بە پەروەردەکانى سنوورى سلێمانى".
نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى لە رێگەى گرووپى "واتسئەپ"ـەوە ئاگادارکردنەوەکەی ناردووە، هەر بەڕێوەبەر و یاریدەدەرێک ئامادەی دەوام نەبوو هەروەها مامۆستاکانی لە دەوام ئاگادارنەکردەوە، ئەوا دەستەی کارگێڕی ناوەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان بەرزدەکاتەوە و رێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەروەها هەر مامۆستایەکی میلاک ئامادەی دەوام نەبوو بە نەهاتوو ناوی دەنووسرێت و هەر مامۆستایەکی گرێبەستیش ئامادەی دەوام نەبوو بەهەمان شێوە بە یاداشت ناوەکەی دەدرێتە پەروەردە بەمەبەستی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکە.
سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە میدیای یەكێتی نیشتیمانی راگەیاندوە: "ئەو ئاگادارییە تایبەتە بە پەروەردەکانى سنوورى سلێمانى و لە وەزارەتى پەروەردەوە دەرنەچووە".
هاوکات، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەى سلێمانى، ناوەرۆکى ئاگادارییەکەى پشتراستکردەوە و رایگەیاند، "ئاگادارییەکە تایبەتە بە 10 پەروەردە لە سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەرین، کە هەر مامۆستایەک دەوام نەکات لێپرسینەوەى لەگەڵدا دەکرێت و مامۆستایانى گرێبەست دووردەخرێنەوە و مامۆستایانى گرێبەستى یەدەگ دەخرێنە شوێنەکانیان".
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەى رابردوو نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى رایگەیاندبوو، لەسەدا 50% مامۆستایان لە خوێندنگە و قوتابخانەکان دەوام ناکەن.