2025-03-10   257     
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، بە میدیای نزیک لە پارتەکەی راگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، نەشتەرگەریی لابردنی ئاوی سپیی چاوی راستی بۆ کراوە و تەندروستیی باشە.
ئاوێنە: پەروین بوڵدان راشیگەیاند، لە دووەمین سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی، کە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێی راگەیاندوون نەشتەرگەریی لابردنی ئاوی سپی لە چاوی راستی بۆ کراوە. نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و تەندروستیی چاوی باشترە.
باسی لەوەشکرد، نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە لە گرتووخانەکەدا بۆی کراوە. جەختی لەوەشکردەوە لە نزیکترین کاتدا، هەمان نەشتەرگەری بۆ چاوی چەپیشی دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پزیشکەکان کاتی نەشتەرگەرییەکەیان رانەگەیاندووە.
بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، لە سێیەم سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی و لەکاتی کۆبوونەوەکاندا، فرمێسک لە چاوی چەپی دەهاتە خوارەوە و بەردەوام بە دەستەسڕ پاکی دەکردەوە.