یەکێک لە موجیزەکانی سەدەی بیستەم : هەرێمی کوردستان
  2025-03-13       4561       

ئەحمەدی مەلا

 

تا دێت دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە دروستبوونی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە موجیزەکانی سەدەی بیستەم، بە تایبەتی کاتێک سەیری رۆڵی خراپی تورکیا دەکەم، کە تەنانەت حەز ناکات گوێی لە دوا هەناسەکانی کوردیش بێت کە گیان دەدات، ئەو گۆڕی کوردی دەوێت، تەنها گۆڕێک کە کێلیشی نەبێ تا بەروار و ناوی مردووەکەی لەسەر نووسرا بێت.

ئەوە عێراقێک کە نایەوێ بە هیچ شێوەیەک ئەو فیدرالییەی کە هەیە بە واقیع بناسێنێت، رۆژ لە دوای رۆژ پەڵپی زیاتر دەگرن.

ئەوە ئێرانێک، بە کەمترین هەنگاوی کوردانە، سزای مەرگت بەسەردا دەسەپێنێت. ئەوە سوریایەک رازی نییە کە کورد وەکو نەتەوە بناسێنێت. دەڵێ کۆمەڵگەی کوردی.

لەسەر هەمووشییەوە،

خۆمان لە ناو خۆمان ناکۆکین، ناکۆکین لەسەر هەموو شتێک...بێ بەرنامە، بە بێ پلان و نەخشە، بە بێ بوژاندنەوەیەکی راستەقینەی ژێرخانی عەقڵی و ئیداری و ئابووری و زانستی.

ئەم هەرێمە، دوا شانسی کوردە، ئەگەر بە ئاگا نەیەینەوە، شانسێکی دیکەمان بۆ ناڕەخسێت، بە تایبەت لەم سەردەمەی کە ئیدی شەڕەکان پێویستیان بە کەرسەی هەند تایبەتە کە ئێمە ناتوانین بەدەستی بهێنین.

ئەم بە ئاگاهاتنەوەیە دەبوو لەسەرووی تێگەیشتنی سیاسیی حیزبانە بێ، دەبێ موجیزەیەکی دیکە بخوڵقێنین تاکو هەموو تاکێک هەست بکات کە ئەو خاکەی لەسەری دەژێت، پیرۆزە، ئەو زمانەی قسەی پێدەکات لە دێرزەمانەوە گەیشتۆتە ئەو، ئەو هەوایەی ئەو هەڵیدەمژێ هەوای وڵاتی ئەوە...

دەیانەوێ کورد بە موچە و توڕەهاتی دیکەوە سەرقاڵ بکەن، بمانکەن بە گیانەوەرێک کە تەنها بخوات و بخەوێ و بجولێتەوە. ئەمە مێژوو دروست ناکات، ئەمە ئایندەمان دەخاتە مەترسییەوە....لەسەر سنوورەکانی غەریزە ژیان دەبەینە سەر...کیسەڵێکیش هەر وا دەکات.

ئەم مەترسییە بەڕێوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×