هەسەدە رایگەیاند، دوێنێ هەینی لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی شەڕڤانان بۆ هێرشەكانی سوپای توركیاو چەكدارە بەكرێگیراوەكانی ئەو سوپایە لە ناوچەكانی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، 3 چەكداری بەكرێگیراوی توركیا كوژراون و درۆنێك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازیش تێكشكێندراون.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامەكانی شەڕی دوێنێی نێوان شەڕڤانان و گروپە میلیشیاكانی بەكرێگیراوی توركیا لە ناوچە جیاجیاكانی شەڕ بڵاوكردەوە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە، سوپای توركیا و چەكدارە بەكرێگیراوەكان رۆژانە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی رۆژاڤا زیاتر دەكەن بەڵام لەبەرامبەر بەرخۆدانی شەڕڤاناندا نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەك بكەن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دوێنێ سوپای توركیا، لەڕێگەی فڕۆكە جەنگی و تۆپخانەكانییەوە، چەند هێرشێكی بۆ سەر ناوچەیەكی دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجامداوە، لە ئاكامی یەكێك لە هێرشەكانیان كە خاڵێكی هێزەكانیانی كردۆتە ئامانج، شەڕڤانێكیان بە سوكی برینداربوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر دوێنێ لەكاتێكدا كە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا سەرقاڵی ئامادەكاری بون بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانمان لەبەرەی بەنداوی تشرین، بەڵام لەلایەن شەڕڤانەوە كراونەتە ئامانج و لە ئاكامدا دو چەكدار كوژراون، ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی و درۆنێكی بۆمبڕێژكراو، تێكشكێندراون.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەر دوێنێ سوپای توركیا بۆردومانی چەند ناوچەیەكی لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق كردوە، لەوەڵامی ئەو هێرشانەدا شەڕڤانان هێرشیان كردۆتە سەر چەكدارانی بەكرێگیراوی توركیا لە باشوری پردی قەرەقۆزاق و لە ئاكامدا چەكدارێك كوژراوەو دوانی دیكەش برینداربون.