پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو بۆ ئاوێنە: کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر رێککەوتنی پارتی و یەکێتی وەستاوە
  2025-03-15       256       

ئەندامێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر کۆنەبوونەوەی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات کە دانیشتنەوەی پەرلەمان لەسەر رێککەوتنی پارتی و یەکێتی وەستاوە و "ئەوان بەرپرسن". دەشڵێت "وەکو فەرمانبەرانی هەرێم لەوکاتەوەی سوێندی یاساییمان خواردووە یەکجار مووچەمان وەرگرتووە".

ئاوێنە: د. فاتح سەنگاوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دووبارە دانیشتنەوەی پەرلەمان تایبەت بە ئاوێنە دەڵێت "ئەوەی بەرپرسە لەوەی کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت بریتییە لەو هێزانەی کە زۆرینەن، ئەوانیش بەپلەی یەکەم یەکێتی و پارتین، ماوەیەکیش باس لەوە هەبوو کە نەوەی نوێش بەشدارە، بەڵام ئەوانیش پاشەکشێیانکرد. ئەوەی لەرووی یاساییەوە بەرپرسیارە و بە بەرپرسیارییەتی خۆیان هەڵنەسیاون ئەوانن و دەبێت لەخۆیان بپرسرێت".

سەنگاوی وەڵامی ئەم پرسیارەی ئاوێنە دەداتەوە کە لەوکاتەوەی سوێندی یاسایی خوراوە بەبێ ئەوەی دەوام بکرێت پەرلەمانتاران مووچەی خۆیان وەردەگرن، وتی "سەبارەت بە مووچەکەشمان کە وەریدەگرین لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تاوەکو ئێستا پەرلەمانتارانیش وەکو هەموو مووچەخۆرانی هەرێم یەکجار مووچەیان وەرگرتووە، ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکگرتوو بەئەرک و هەڵوێست و کاری خۆمان هەستاوین وهەمیشە کارابوین، بەڵام پەرلەمانتارەکانی دیکە کەمتر".

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەش کە یەکێتی و پارتی "ژێربەژێر" رێککەوتبن!، پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاشکرایکرد "وەکو ئێوە دەڵێن ناتوانین بەشێوازێکی دڵنیای قسەی لەسەر بکەین، بەڵام لەسەر بەشێکی ئەو گفتوگۆیانەی کراوە رێککەوتون وە بەشێکی ماوە، وە باسیش لەوە دەکرێت دانیشتنیەکانیان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، دەنگۆ هەبوو لەنەورۆز و سەرەتای مانگی چوار رێکبکەون، بۆیە ئەگەری هەیە لەسەر خاڵێک رێککەوتبن بەڵام جارێکی دیکە دوربکەنەوە لەیەکتر، بۆیە پەستان هەیە کە زوو پێکبێت".

پەیوەست بە وادەی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان، د. فاتح سەنگاوی وتیشی "ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکە لەسەر یەکێتی و پارتییە، چونکە دانیشتنەکە لەسەر رێککەوتنی ئەوان وەستاوە، بۆیە رێککەوتن کۆبوونەوەی بەدوادا ئەنجام دەدرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×