سێ شه‌ممه‌, 20 ی ئایار , 2025
ترەمپ: دەرگای دۆزەخمان بەڕووی حووسییەكانی یەمەن كردەوە
  2025-03-16       254       

شەوی ڕابردوو بە فەرمان و سەرپەرەشتی دۆناڵد ترەمپ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بەرەو یەمەن بەڕێكەوتن، لەوێ چەند هێرشێكی ئاسمانیان بۆ سەر حووسیـیەكان دەستپێكرد، لە ئەنجامدا دەیان كەس كوژران و برینداربوون و لەوبارەوە ترەمپ ڕایگەیاند، دەرگای دۆزەخمان بەڕووی حووسییەكانی یەمەن كردەوە.

ئاوێنە: میدیا عەرەبییەكان سەبارەت بە هێرشەكانی شەوی ڕابردووی ئەمریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن و ژمارەی قوربانییەكان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بەڕێكەوتن بەرەو یەمەن، لەوێ چەند هێرشێكی ئاسمانیان بۆ سەر حووسیەكان دەستپێكرد و چەند ناوەند و شوێنكی حووسییەكانیان لە سەنعا و حودیدە و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە كردە ئامانج.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێرشەكان بە فەرمان و سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بووە، هەروەها ترەمپ وتی: دەرگای دۆزەخمان بەڕووی حووسییەكانی یەمەن كردوەتەوە.

میدیاكانی سەر بە حووسییەكانی یەمەن بڵاویان كردووەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە ٣١ كەس كوژران و ١٠١ كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەم هێرشانەی ئەمریكا لە كاتێكدایە، پێشتر یەحیا سەریع وتەبێژی گرووپی حووسیەكانی یەمەن ڕایگەیاند بوو، هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەن دەستپێدەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×