پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لەکەرتی غەززە کەوتنە بۆسەی چەکدارە فەڵەستینییەکان و بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران و پێنجی دیکەش بەقورسی برینداربون، ناتانیاهۆش دەڵێت، ئیسرائیل ڕۆژێکی قورسی بەڕێکرد.
ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل وردەکاری کوژرانی ئەو چوار سەربازەی بڵاوکردەوە و دەلێت،" ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی چونە ناو باڵەخانەیەکی گەڕەکی خان یونس لەغەززە، دوای پێنج خولەک بۆمبێک لەناو باڵەخانەکە تەقییەوە، بەهۆیەوە باڵەخانەکە بەسەر سەربازەکاندا داڕما ".
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پڕۆسەی دەرهێنانی تەرمی سەربازە کوژراوەکان نزیکەی شەش کاتژمێری خایاند.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، سەربازە ئیسرائیلییەکان پێش ئەوەی بچنەژورەوە، لەڕێگەی درۆن و سەگی پۆلیسی و ئامێری تایبەتەوە چاودیری باڵەخانەکەیان دەکرد، بەڵام سەرکەوتو نەبون لەئاشکراکردنی ئەو بۆمبەی لەباڵەخانەکەدا دانرابوو.
هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەکرد،" ئەو سەربازانە بەمەبەستی رزگارکردنی چەند بارمتەیەک چونە ناو باڵەخانەکەوە، بۆیە ئەوان ژیانی خۆیان لەپێناو پاراستنی گەلی ئیسرائیل بەخت کرد ".
وتیشی،" ئیسرائیل ڕۆژێکی زۆر قورسی بەڕێکرد ".