2025-03-19   325     
ئهمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوەو درێژکردنەوەی داشکاندنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ، یەکلاییکردنەوەی کێشەی نەبەسترانی موچەی بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەییو گرێبەست لەگەڵ بابەتی دەرچوانی کۆلیژی پزیشکیی گشتیی زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی 2024 تاووتوێدەکرێن.
ئاوێنە: بەگوێرەی کارنامەی کۆبونەوەكهى ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبونەوەکە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێدەکاتو لەبڕگەی یەکەم، لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشنیازی وەزارەتەکەی بۆ درێژەدان بەکارکردن بەبڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بەداشکاندنی ڕێژەی 20% لەسزای سەرپێچی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە پێشکەشدەکرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی درێژەپێدانی بڕیارەکە لە1ى 1ى 2025 تاوەکو 1ى 6ى 2025 بەردەوامبێت.
تەوەری دوەمی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییهوه دەخرێتەڕوو کە تایبەتە بەیەکلاییکردنەوەی کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بەشێوەی هەمیشەییو گرێبەست دامەزراون، بەڵام لەڕێککەوتی 1ى 7ى 2024وە لەلایەن وەزارەتی دارایی موچەیان بۆ نەبەستراوە، بەهۆی جێگیرکردنی میلاکی مانگی تەمموز، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
سهبارهت بهتەوەری سێیەمی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، پەیوەستە بەبابەتی دەرچوانی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی 2024، ئەم بابەتەش لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ئاماژهى پێدهكرێت.
کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 19ی شوباتی 2025، بەڕێوەچوو، لەکۆبونەوەکەدا، حكومهت لێخۆشبونی لەقیستەکانی سودمەندانی قەرزی بچوک پەسەندکرد کە لەساڵانی پێشوو سودمەندەکانیان کۆچی دواییانکردوە.
هەر لەکۆبونەوەکەی هەفتەی ڕابردودا، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ دوو پێشنیازی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیو دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان تاووتوێکران.