مانگی داهاتوو زیندانی چەمچەماڵ دەكرێتەوە
  2025-03-24       414       

وەزارەتی دادی عێراق بڵاوی كردەوە، لە دوای چوار ساڵ لە داخستنی، مانگی داهاتوو زیندانی چەمچەماڵ دەكەینەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی زیندانەكەین، دەشڵێن، ئەو زیندانە زیندانییەكانی عێراقی بۆ دەگوازرێتەوە، ئەمەش قەرەباڵغی زیندانەكانی عێراق كەم دەكاتەوە.

ئاوێنە: موراد ساعدی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی دادی عێراق سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ و گواستنەوەی زیندانییەكانی عێراق بۆی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، دوای تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ بە نوێترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، مانگی داهاتوو زیندانەكە دەكەینەوە و دەمانەوێت لە ڕێگای ئەو زیندانەوە قەرەباڵغی چاكسازییەكانی چەند شارێكی عێراق كەم بكەینەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ماوەی چەند ساڵێكە ئەو زیندانە بەكارنەهاتووە، بۆیە وەزارەت بڕیاریداوە نۆژەنی بكاتەوە، لە چوارچێوەی نۆژەنكردنەوەكەشدا كامێرای چاودێری بۆ سەرجەم زیندانەكە و ژوورەكان دادەنرێت و هۆڵی تایبەت بە وەرزشكردن و چەندین پێداویستی دیكەی ژیانكردنی تێدا دادەنرێت.

دەشڵێت، نوێترین تەكنەلۆژیاكان لە زیندانەكەدا بەكاردەهێنن و فێنكەرەوە و هەواگۆڕكێی گونجاوی بۆ دابین دەكەن و سەرجەم پێداویستییەكانی شوێنێكی شیاو بۆ ژیانكردنی تێدا دابین دەكەن.

ڕاشیگەیاند، ئەو زیندانیانەی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانەكە ئەوانەن، كە بە چەند تاوانێكی دیاریكراو سزادراون، لەوانەش ئەو تاوانانەی مەترسی لەسەر ئاسایش و سیستمی گشتی وڵات درووست دەكەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزادراوەكان لە هەریەك لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، نەینەوا و كەركووكەوە دەبرێنە زیندانی چەمچەماڵ و ئاسانكاری دەكرێت بۆ كەسوكاریشیان، كە سەردانیان بكەن.

جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند ساڵێكە عیراق هەوڵدەدات فشار و قەرەباڵغی سەر زیندانەكان كەم بكاتەوە، نۆژەنكردنەوەی زیندانی چەمچەماڵیش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە، هەروەها زیندانی چەمچەماڵ یەكێكە لە سەربازگە گەورەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٧’ـەوە كراوە بە زیندانی فیدڕاڵی، زیندانەكە جێگای نزیكەی چوار هەزار زیندانی تێدا دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×