بافڵ تاڵەبانی و مالیكی تاوتوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن
  2025-04-09       307       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد كە یەكێك لەوانە پرسی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بو و هەردولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە کرا و هەردولا هاوڕابون کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەربکرێن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی "پەرۆشی یەکێتی دوپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەردەوامی دیالۆگی بەرپرسیارانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم حکومڕانی لە وڵاتدا."

بەپێی راگەیەندراوەكە، "پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا گفتوگۆی وردی لەسەرکرا و هەردولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە ببێتە مایەی ئارامی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عیراق."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×