زەلکاوی ترامپیزم و ئاسۆی سۆشیالیزم
  2025-04-15       369       
کاری: ئەنگل بۆلیغان

حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی: هیوا ئەحمەد

 

چۆن دەتوانرێت ترامپیزم ڕۆشنبکرێتەوە؟ سیاسەتەکانی ترامپ هەموو یاساو پێوەرە باوەکانی جیهانی سەرمایەداری تێکشکاند، و بەشێکی زۆری بابەت و سیاسەتەکانی ترامپ، بەتایبەتی سیاسەتە ئابوریەکانی ئەو، بەڕونی دژایەتی هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداری، تەنانەت لە خودی ئەمریکاشدا. بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئیدارەی ترامپ جەخت لەسەر بردنەپێشەوە و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە دەکاتەوە. بۆچی؟ هۆکار و زەمینەکانی سەرهەڵدان و بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟ ئایا جیهان ڕوبەڕوی سەرۆکێکی ناعەقڵانی و شێت بۆتەوە؟ ئایا ترامپ تەنها پاشکۆیەکی بەڕێکەوتی جیهانی سەرمایەدارییە؟ بەبۆچونی من بەوشێوەیە نییە. ترامپیگەری لە قەیران و دژایەتی(تناقضات) و بنەبەستەکانی سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکەوە سەریهەڵداوە. ئەگەر ناعەقڵانیەت و شێتیەک هەبێت، ئەوە پەیوەستە بە سیستمێکەوە کە چیتر ناتوانێت بە سیاسەتە هەمیشەیی و باوەکانی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و خەریکە جیهان لەگەڵ خۆیدا بەرەو لەناوچون ڕادەکیشێت.

 

پرۆژەی ٢٠٢٥ قەپاغێک بە باڵای ترامپ

خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ترامپ لەم قۆناغەدا سەرەتا خودبەخود و جێگیر نین. لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دا پلانێکی گشتگیر لە لایەن ڕاستڕەوترین تیۆریسەنەکانی دامەزراوەی “هێرتج” بەناوی “پڕۆژەی ٢٠٢٥” بڵاوکرایەوە. ئەم پلانە کە پێکهاتبوو لە ٩٠٠ لاپەڕە، لە گۆشەنیگای سەرکەوتنی ترامپ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ و نەخشەڕێگای ئیدارەی داهاتوی ئەودا نوسرابوو. سیاسەتەکانی ئێستای ترامپ، وەک دەرکردنی بەلێشاوی کارمەندانی حکومەت و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی“دڵسۆزی” سەرۆک کۆمار، باڵادەستی ڕەهای سەرۆک بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە، بڕینی بودجەی توێژینەوەکانی سەبارەت بە کەش و هەواو و گەرمبونی گۆی زەوی، چاندن و پەلکێشکردنی بەها مەسیحیەکان بۆ ناو حکومەت وکۆمەڵگا، قەدەغەکردنی مافی لەباربردنی منداڵ، ڕەتکردنەوەی شوناسی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزاریە تەندروستی و دەرمانیەکان(مێدیکیر و مێدیکید)، بە تاوان لەقەڵمدانی فرۆشتن و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕیگریکردن لە دووگیانی، بەدواداچونی “ڕەگەزپەرستانی دژە سپی پێست”، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی”نایاسایی” بەهاوکاری هێزی سەربازی و هێشتنەوەیان لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردندا، پارێزبەندی ئابورری(پڕۆتیکشنیزم)، هەمویان لەسەر بنەما و بەپێی ئەم پڕۆژەیەن.

ترامپ لەسەر ئاستی جیهانی، وازهێنان و دەستشۆردنی خۆی لە دیموکرراسی لیبڕالی، بە بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەوروپا و هاوپەیمانە باوەکانی تری ئەمریکا، کشانەوە لە رێکەوتننامەی پاریس و ڕەتکردنەوەی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەەوی، هاتنەدەرەوە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بایکۆتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (دادگای لاهای)، بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی دورگەی گرینلەند، لکاندنی کەندا بە ئەمریکاوە بە ناونیشانی ویلایەتی ٥١مین، پلانی دەرکردنی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە و کردنی بە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری، ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگیەکان و باجدانان لەسەر هاوردەکردنی نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان و هتد، تەواوکرد. ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا لەژێر فشاری ڕەخنەگران و شارەزایاندا، وە تەنانەت کۆنەپاریزەکانیشدا، کە پێیانوابوو پڕۆژەکە پێچەوانەیە لەگەڵ “سەروەری یاسا، و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، و جیایی دین لە دەوڵەت، و ئازادیە مەدەنیەکان، و لە نێویاندا مافی مەدەنی ژنان، و ڕەنگ پێستەکان و کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی کیو، ووتی کە لایەنگری ئەو پرۆژەیە نییە، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە کردەوە هەموو ڕاسپاردەکانی ئەوانی خستە دەستوری کاری کابینەی حکومەتەکەیەوە. یەکێ لە دیزاینەرانی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە “ڕوسیڵ ڤۆت” ە کە مەسیحیەکی موتەدینە و خۆی وەک ناسیونالیستێکی - مەسیحی پێناسە دەکات، بەرپرسێکی سەرەکییە لە کابینەی پێشوو و ئێستای ترامپ و یەکێکە لە ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی.

بەمشێوەیە ڕۆشنە ئەو مەیل و ڕەوتەی کە ترامپ بەشوێنیەوەیەتی ئاڕاستەیەکی بیرلێکراوە و کاربۆکراوە نەک دێوانەیی و شێتیەکی تاکەکەسی. لە هەمانکاتدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پڕڕۆژەی ٢٠٢٥ پڕۆژەیەکە ڕێک بە باڵای ترامپ دوریویانە. سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی ترامپ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، ڕاستڕەوترین باڵ و تیوریسەنەکانی نوخبەی دسەڵاتداری ئەمریکای هاندا بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە. بەڵام هێشتا ئەم نەخشەسازیەی ترامپیزم وەڵامی پرسیارە سەرەکەیەکەمان ناداتەوە. هۆکاری ترامپیسم و پڕرۆژە سوپەر ڕاستڕەویەکەی چییە؟ زەمینەی سەرهەڵدان و بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟ سەرۆک کۆمارێک کە هەموو شارەزا و خاوەنبۆچونەکان و حکومەتەکان پێانوایە سیاسەتەکانی بە زیانی سەرمایەداری جیهانییە.

 

لە تاتچەریزمەوە تا ترامپیزم

ترامپیزم دەرئەنجامی ڕەوەندێکی پاشەکشەیە کە لەدوای ڕوخانی سۆڤیەتەوە دەستیپێکرد. لە ڕوی سیاسیەوە، لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردودا، دەستبەرداربونی تەواوەتی لە بەرپرسیاریەتی حکومەت لەبەرامبەر کۆمەڵگا و وڵاتی خۆشگوزەران و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەهۆی کاریگەری پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی و بزوتنەوە مافخوازەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە جیهاندا بەدەستهاتبوو، بوو بە مەیل و خواستی سەرەکی بۆرژوازی جیهانی. سۆشیال دیموکراسی جۆری ئەسکەندەناڤیایی و پارتە سۆسیالیستەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەرەو پەراوێز بران و ڕاستڕەوترین باڵەکانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا و هەموو جیهاندا مەیدانەکەیان بەدەستەوەگرت. سەرهەڵدانی تاتچەریزم و ڕێگانیزم لە کۆتایی ساڵەکانی پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت زەمینەی بۆ ئەم ئاڕاستەیە خۆشکرد.(دامەزراوەی هێرتج لەسەردەمی ڕیگاندا دامەزرا). سەربەرزکردنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرئەنجام و ئاکامی ئەم وەرچەرخانەی ڕۆۆژئاوا بوو بەرەو ڕاست. لە ڕاستیدا تاتچەر و ڕیگان ئاڵاهەڵگری فەلسەفە و دیکترینێکی سیاسی بوون کە لەژێر ناوی نیولیبرالیزم و نیوکۆنسەرڤەتیڤدا، هەموو جیهانی سەرمایەداری دوای سۆڤیەتی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا گرتەوە. لە ڕوانگەی ئابوریشەوە، “فریدمانیزم” قوتابخانەی ئەم مەیل و ڕەوتە بوو.

ئەمڕۆ ئەم ڕەوتە لە درێژەی ڕەوەندی لۆژیکی خۆیدا گەیشتووە بە نکۆڵیکردنی تەواوەتی لە لیبراڵ دیموکرراسی. مایەپوچی و شکستی “فریدمانیزم” تەوەری سەرەکی ئەم ڕەوەندەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بناغەکانی جیهانی “سەرمایەداری بازاڕی ئازاد” و دکترینەکانی کە لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتنرابون هەژاند. کاپیتالیزمی دوای ٢٠٠٨ سیستمێکە کە لە ڕووی تیۆرییەوە دکترین و ئاسۆی سیاسی خۆی لەدەستداوە. تەواوی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەکەی بۆرژوازی لە نێوچون و نەمان، بۆ چینی سەرمایەداری جگە لە پیرۆزکردنی سود و قازانجی ژمارەیەکی کەم کە هەموو ڕۆژێک سەروەت و سامانەکەیان لە زیادبوندایە و ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە، شتێکیتر نەماوەتەوە.

نەزمی نوێی دوای سۆڤیەت، هەژمونخوازی میلیتاریستی ئەمریکا، پێاهەڵدان بە موعجیزەکانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد زۆر پێش قەیرانی ٢٠٠٨ کۆتایی پێهاتبوو. بۆشیزم(ڕێبازی جۆرج بۆش) و ئۆپراسیۆنی “شۆک و تۆقاندن” شکستی هێنابوو، وە ئۆباما ناچار بوو لە ڕابەرایەتیکردنی سەرمایەداری بازاری ئازادەوە بۆ کورسی دواوە و “بەرەو شوێنی دروستی مێژوویی خۆی” پاشەکشە بکات. ئەم دەورەیە بەرزەخێک بوو کە خاوەنبۆچون و بڵاوکراوە ستراتیژیەکانی جیهانی سەرمایەداری هاوشێوەی “ئیکۆنۆمیست” بە “بیماری دیموکراسی” ناویان دەبرد و بەشوێن ڕێگاچارەوە بون بۆ تیمارکردنی. ئەمڕۆ ئەم بیمارە مردوە و ترامپیزم سەرقاڵی بەڕێوەبردنی مەراسیمی کفن و دفنیەتی. لە دوای بەخاکسپاردنی لیبرالیزم لە ڕێگەی نیولیبرالیزمەوە ئێستا کاتی بەخاکسپاردنی نیولیبرالیزمە لە ڕێگەی فاشیزمەوە. تەواوی جومگەکانی دیموکراسی لیبراڵی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان وە بگرە تا بازرگانی ئازاد، لە ئازادی ژنانەوە بگرە تا مافی مرۆڤ بە فەرمی و بە ئاشکرا ڕەتدەکرێتەوە تا سیستمی سەرمایەداری درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

 

ئابوری سەردەمی گوزار بۆ فاشیزم

ترامپیزم بە پێچەوانەی فاشیزمی هیتلەری و تاتچەریزم ڕێگەچارەیەکی نییە بۆ دەرچون لە قەیرانی هەمەلایەنەی چینەکەی خۆی. هیتلەر توانی ئابوری داڕوخاوی ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی یەکەم زیندوبکاتە، و تاتچەر و ڕیگان جێبەجێکارانی “فریدمینیزم” بوون یەعنی تیوریەک کە وەڵامی بە پێداویستیەکانی سەرمایەی دارایی دوای سەردەمی جەنگی سارد دەدایەوە. بەڵام پارێزبەندی ئابوری(پڕۆتیکشنیزم) ترامپ، نەک هەر وەڵام بە پێداویستیەکانی سەرمایەداری سەدەی ٢١ ناداتەوە، بەڵکو بەتەواوەتی لە دژایەتیدایە(تناقض) لەگەڵیدا. سەرمایەداری سەردەمی ئەمڕۆ ناتوانێت بۆ چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆ بگەڕێتەوە. جیهانگیری “گلۆبالیزم”، بە پێچەوانەی “فریدمینیزم” یەک تیۆری یان دکترینی ئابوری نیە بەڵکو پێداویستیەکی کارکردنی کاپیتالیزمە کە مەیدانی چالاکیەکەی هەموو جیهانە. تەنانەت سەرمایەداری تازەپێگەیشتوی ئەوروپا لە سەدەی ١٧ دا کە دامەزرێنەری دەوڵەتە – نەتەوەییەکان بوو لەسەر بنەمای بازرگانی جیهانی و دۆزینەوە جیهانیەکان کە بوو بەهۆی دۆزینەوەی ئەمریکا و ئوسترالیا و نیوزلەند، بەدەسەڵات گەیشت. کۆلۆنیالیزم، و زاڵبون بەسەر زەوی و سەرچاوەی تری سامانی وڵاتەکان و هەناردەکردنی کاڵا و سەرمایە بۆ هەموو گۆشەیەکی جیهان، بنەما و دوانەی گەشەی سەرمایەداری جیهانی ڕۆژئاوا بووە. ئەمڕۆ ئەم ڕەوەندە گەیشتووە بە کاردابەشکردنێکی جیهانی سەرمایەداری. سەرمایە چەند میللیەتە مالیەکان قازانجی خەیاڵی خۆیان، لەسەر بنەمای دەستی کاری هەرزانی کرێکاری چین و بەنگلادش و هیندستان، بە ناونیشانی بەرهەمهێنەرانی کاڵا وپێداویستیەکانی بەکاربردنی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە هەموو وڵاتەکاندا، گەشەی فەلەکی لە بەرهەمهێنانی هێزی کاردا بەهۆی بەکۆمپیتەریکردنی بەرهەمهێنان و شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لەسەراسەری جیهاندا، دەسەڵاتی دامەزراوە جیهانیەکانی وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر کارکرد و پەیەندی سەرمایەکان لەهەر چوار گۆشەی جیهاندا فەراهەمدەکات. سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکەم هیچ سنورێکی نییە، و ئەگەر ڕوبەڕوی قەیرانێکی درێژخایەن بۆتەوە بەهۆی گلۆبالیزمەوە نییە بەڵکو بەهۆی قەیرانێکەوەیە کە تەنها بە تێپەڕین لە گلۆباڵیزم و دابەشکردنی کاری جیهانی سەرمایە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. وە ئەم تێپەڕاندنەش تەنها بە گوزار لە پەیوەندیە سەرمایەداریەکان دەبێت.

لە دۆخێکی ئاوهادا بانگەوازی ترامپیزم بۆ سنورەکان و دروشمی“گەڕاندنەوەی گەورەیی ئەمریکا” ڕێگەچارەی ئابوری نییە بەڵکو هەوڵدانێکە لە پێناو هاوئاهەنگکردنی سەرخانی سیاسی ئەمریکا لەگەڵ هێزی ئابوری چەند مەڵتی ملیاردێرێکی ئەمریکا.

 

شۆک و تۆقاندن” بەشێوازی ترەمپ”

سەرهەڵدانی ترامپیزم و بە دەسەڵاتگەیشتنی ترامپ لە ڕوانگەی پێکهاتەی حکومەتەوە، گۆڕینی سیاسەتمەدارانی چینی سەرمایەدارە بە خودی سەرمایەداران خۆیان. لۆژیکێکی نەگوتراو ئەمەیە کە: ئەگەر ٣ ملیاردێر لە ئەمریکا کە بە ئەندازەی پەنجا لەسەدی کۆمەڵگە سەروەت و سامانیان هەیە کەواتە بۆچی خۆیان یان سیاسەتمەدارانی هاوفکر و هاوشێوەی خۆیان کە هەڵنەبژێردراون، بەڵکو کڕدراون، نەبنە نوێنەری سیاسی کۆمەڵگە؟ دە لە ملیاردێرە یەکەمەکانی ئەمریکا کە لە ڕوی داراییەوە پشتیوانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپیان کرد، بە هەڵبژاردنی ترامپ ٦٤ ملیار دۆلار قازانجیانکرد. تەنها ئیلۆن مەسک کە ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری بەخشی بە کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ، لە دوای هەڵبژاردنی ئەو ٣٠ ملیار دۆلار چۆتە سەر سەروەت و سامانەکەی. مامەڵەیەکی خراپ نییە! وە بێگومان ئەم مامەڵە شیرینە تەنها بەئەمە کۆتایی نایەت، ئەمە وەبەرهێنانێکی درێژماوەیە لە حکومەتێکدا کە کڕدراوە، تا لانی کەم بۆ ماوەەی چوار ساڵ ڕاستەوخۆ لە خزمەتی یەک لەسەدی کۆمەڵگەدا دەبێت.

تەواوی ئەم بازرگانی هەڵبژاردنە بە بەرچاوی خەڵکی ناڕازی لە دۆخی ئێستا بەڕێوەدەچێت. مەڵتی ملیاردێرەکان کە خۆیان دەستیان بەسەر کاروبارەکاندا گرتووە، سیاسەتمەدارە باوەکان(تەقلیدی) بەوە تۆمەتباردەکەن کە بەرپرسیارن لە کێشە وگرفتەکانیان، هەربەم هۆکارە دەنگی جەماوەری خەڵک کە بەدەست نائارامی ئابوری و بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵینن و لە سیاسەتمەدارانی پارتە باوەکانی چەپ و ڕاست بێئومێد بوون، بۆخۆیان ڕادەکێشن و … ئیتر بەمە حکومەتی خۆیان دەهێننە سەرکار!

ئیدارەی ترامپ حکومەتی پارت و سیاسەتمەدارە تەقلیدی و ئاسایی و ناسراوەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو حکومەتی خودی سەرمایەدارە ملیاردێرەکانە. ئێستا دیموکراتەکان سەرقاڵی شیکردنەوەی هەڵەکانیانن و کۆنسێرڤەتیڤەکانیش کە زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانیان بەدەستەوەیە، وەک ئەو ڕەعیەتانەیان لێهاتوە کە ئاغاکەیان بەدەسەڵات گەیشتوە، و سەریان کزکردوە و نەخشی مۆرێکی پلاستیکی دەبینن لەسەر بڕیارە کارگێڕیەکانی ترامپ.

بەڵام ترامپیزم نەک هەر وازی لە سیاسەتمەدارانی تەقلیدی و باو هێناوە، بەڵکو پێکهاتەی تەقلیدی حکومەتیشی خستۆتە لاوە. ترامپ خۆی بە پاشا ناودەبات و وێنەی تاج لەسەری خۆی بڵاودەکاتەوە. سوڵتانێک کە لەبەردەم کامێراکاندا بەدەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن، بەڕێوەبەرییەکانی کە کاریان باشترکردن و بەرزکردنەوەەی ئاستی بژێوی خەڵکە هەر لە فێربون و پەروەردەوە تا خزمەتگوزاری تەندروستی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان سنورداردەکات یان دایاندەخات، لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان دەکشێتەوە، داب ونەریت ویاساکان پێشێل دەکات و هەموو بەها و داواکاریەکان تەنها بەیەک دروشم دەەگۆڕێت”زیندوکردنەوی گەورەیی ئەمریکا”! بزوتنەوەەی ماگا"MAGA" لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکە دژی هەموو بەها و سیاسەتێکە کە بۆنی بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵکدا لێبێت.“ئەمریکا” لە دروشمی “زیندوکردنەوەی گەورەیی ئەمریکا” دا تەنها ناوێکی ڕەمزی ملیاردێرەکانی ئەو وڵاتەیە. بەڵام ئایا سیاسەتی پارێزبەندی(پڕۆتیکشنیزم) ئابوری بە زیانی ئەم مەڵتی ملیاردێرانە نییە؟

هەموو حکومەتەکان و شارەزایانی ئابوری جیهانی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە باج و تاریفە گومرگیەکانی ترامپ جیهان بەرەوو پاشەکشەیەکی ئابوری دەبات. لە بەرامبەردا، ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاریفە گومرگیەکان وەبەرهێنەران و سەرمایگوزاران ناچاردەکات کە بێن لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکەن، بەڵام ئەمە جگەلە بانگەشەیەکی پوچ هیچیتر نییە، چونکە هۆکارە ئابوریەکان مەیدان و بواری وەبەرهێنان دیاریدەکەن نەک ئیرادەی حکومەتەکان. مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد و پیشەسازی ئەلیکترۆنی و دەیان کەرتی تری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دەچن لە وڵاتانی تردا وەبەرهێنان دەکەن چونکە بەدوای قازانجی زیاتردا دەگەڕێن. ئەگەر بتەوێ ئەو سەرمایەی کە بۆ دەرەوەی ئەمریکا کۆچیانکردوە بگەڕڕێنیتەوە، ئەوا قازانجەکانیان و سەرئەنجام توانای مانەوەیان لە بازاڕی کێبڕکێی جیهانیدا دەخەیتە مەترسییەوە. ئەم ڕێگایە نەک هەر نابێتە هۆی گەورەیی ئەمریکا، بەڵکو بە لاوازی زیاتری ئەمریکا کۆتایدێت. لە ئێستادا بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوای ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگیەکان ٦.٦ ترلیۆن دۆلار بەهای خۆی لەدەستداوە.

ترامپ لە وەڵام بە ڕەخنەگرانیدا دەڵێت ئەم دۆخە کاتییە و بە زوویی ئابوری ئەمریکا گەشە دەکات. بەڵام لێرەشدا مەبەست لە ئەمریکا بەواتای مەڵتی ملیاردێرەکانە؛ ژمارەیەک کەسی کەم کە ئامادەن ئاگر لە جیهان بەردەن تا بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن. مەبەستی ترامپ لە “چاوەڕوانبن دۆخەکە باش دەبێ” ئەوەیە، ئەگەر چی جیهان لە ئاگری قەیران و پاشەکشەدا بسوتێ، بەڵام سەرئەنجام مەڵتی ملیاردێرەکانی وەک ئیلۆن مەسک و تەواوی هەرەمی دارایی ئەمریکا لەم شەڕە ڕزگاریان دەبێت و دەوڵەمەنتر و قەڵەوتر دەبن.

بەڵام لایەنی گرنگتری پارێزبەندی ئابوری(پڕۆتیکشنیزم) ترامپ، کاربردی سیاسیەتی. ئەوە بەدور دەزانرێت کە ترامپ و داڕێژەرانی پڕۆژەی ٢٠٢٥ بە دژایەتی نێوان پلانی ئابوری خۆیان و کارکردی جیهانی سەرمایە نەزانن، بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر پارێزبەندی ئابوری و تاریفە گومرگیەکان و هتد دەکەنەوە چونکە ئەمە کاربرد و بەکارهێنانێکی سیاسی دیاریکراوی بۆ ئەوان هەیە. ئەمە جۆرێکە لە “شۆک و تۆقاندن”ی ئابوری. بۆشیزم(ڕێبازی جۆرج بۆش) بە هێرشی سەربازی بۆسەر عێراق و ئەفغانستان دەیویست جیهان بخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی ئەمریکاوە، ترامپیش بە هێرش بۆسەر ئابوری جیهان دەیەوێت بەهەمان ئامانج بگات، بەڵام ئەو کلیلە بۆ ئەم قفڵە نابێت.کێشەی ترامپییەکان ئەوەیە کە دەتوانرێت سەدام حوسێن لەناوببرێت بەڵام ناتوانرێت گڵۆبالیزم لەناوببرێت.”شۆک و تۆقاندن” ێک کە ترامپ باسی دەکات تەنانەت لە بۆشیزم بێهودەتر و ناکامتر دەبێت.

بەمشێوەیە ئەم سیاسەتانە کە تەنانەت بۆ خودی چینی سەرمایەداریش هیج لۆژیکێکی ئابورییان نییە، بەشێکە لە خۆبەزلزانی و زۆرداری سەرمایەدارانێک کە دەیانەوێت دەسەڵاتی ئابوری خۆیان وەک ئامڕازێکی هەژمونی سیاسی بەکاربهێنن. ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوری جیهانە و ترامپ دەیەوێت ئەم کاریگەری و هەژمونە بخاتە خزمەت یەک هەرەمی مەڵتی ملیاردێر لە پێناو سەپاندنی سیاسەتەکانی بەسەر جیهان و کۆمەڵگاکەی خۆیدا. شا ترەمپ، نەک بەگوێرەی پێویستیەکانی ئابوری سەرمایەداری جیهانی و شانبەشانی هاوپەیمانەکانی، بەڵکو بەدژایەتیکردن و سەرەڕای ئەوان، دەیەوێت قسەکانی خۆی بسەپێنێت، ئەمەش بەمانای چەسپاندنی هەژمون و هێزی ئەمریکا کە بۆشیزم بەشوێنیەوە بوو بەڵام بەشوێنێک نەگەیشت.

هەروەها لێرەشدا، تاکتیکی بەسەریەکداڕماندنی سیستمی ئابوری بۆرژوا لیبراڵی لە خزمەت ئیستراتیژی بەهێزترکردنی مەڵتی ملیاردێرەکاندا دەبێت. بەو ئومێدەی تەنانەت ئەگەر ئابوری جیهانیش داڕوخا، ئەوا چەند ملیاردێرێکی کەم کە لە پاشماوەی پاشەکشەی جیهان سەربەرزدەکەنەوە، دەبنە دەسەڵاتدارانی ئایندەی جیهان. بریارە پرۆتیکشنیزمی(پارێزبەندی ئابوری) ترامپ نەک گەشەی سەرمایەداری ئەمریکا، بەڵکو دەسەڵاتی بێڕکابەری مەڵتی ملیاردێرەکان کە تەنها لە سەدا یەکی هەموو جیهان پێکدەهێنن، مسۆگەر بکات. ئەمە ئاسۆی ترامپ-پڕۆژەی ٢٠٢٥ یە بۆ ئایندە. وەکو ئەو قەشانەی کە چاوەڕوانی گەیشتنی ڕۆژی قیامەتن تا خۆیان ڕزگار ببن، ترامپ ئاگر لە جیهان بەردەدات تا ملیاردێرەکانی جیهان ببنە ملیاردێرتر.

ئەم سەرمایەدارییە بەجۆرێک گەندەڵ بووە و بە بنبەست گەتشتوە کە تەنانەت ناتوانێت بەرگەی سەرەتایترین مافی خەڵک بگرێت و سەری بە دەر ودیواردا دەکێشێت تا دەرچەیەک ڕوو بەپێشەوە بدۆزێتەوە. بەڵام جیهانی شارستانی لەبەرامبەر ئەم کارەساتەدا، ئەم سەرمایەی ئاخر زەمانەدا، ئاسۆیەکیتر دەخاتەڕوو.

 

ئاسۆی سۆشیالیزم

ترامپیزم، تەنانەت بەرگریکردن لە بنەڕەتیترین و سەرەتایترین داواکاریەکان و مافی خەڵک بە ئەرکی چەپ دەزانێت. وەختێک ترامپ و شاگردەکانی، جۆ بایدن و کامیلا هاریس بە کۆمۆنیست ناودەبەن، ئەوا دوژمنایەتی خۆیان تەنانەت لەبەرامبەر میانەڕەوترین ئەحزاب و مەیلە لیبراڵیەکاندا دەردەبڕن. بۆرژوازی هەرچی زیاتر بەرەو ڕاست وەربچەرخێت، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و مەیدانی چالاکی چەپ بەرفراوانتر دەبێت. بە تێڕوانینی شا ترامپ تەنانەت بەرگری لە دەستوری بنەڕەتی ئەمریکا چەپڕەوییە. بەرگری لە ئازادی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانبون، بەرگریکردن لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەرگری لە هەرشێوەیەکی دەسەڵاتداریەتی دەستە جەمعی، چەپڕەوییە. ئەمڕۆ کۆمۆنیزم دەبێت نوێنەرایەتی ئەم چەپڕەوییە بێت. جیهانی شارستانی پێویستە بۆ بەرگری لە ئازادی و مرۆڤایەتی و مەدەنیەت بێتە مەیدان، وە ئەم جوڵانەوەیە هەر ئێستا دەستیپێکردوە. ڕۆژی پێشتر خەڵکی ئەمریکا لە سەدان شار زیاتر لە ١٢٠٠ خۆپیشاندان و کۆبونەوە لەسەر شەقامەکانیان دژ بە حکومەتەکەی ترامپ و سیاسەتەکانی ئەنجامدا، و ئەم خۆپیشاندانانەش زیاتر ڕوو لە فراوانبونە. وتارەکانی “بێرنی ساندرز” و” ئەلیکساندریا ئوکاسیو کورتیز” لە شارە جیاوازەکانی ئەمریکا هەموو ڕۆژێک دژ بە هەرەمی ترامپیزم خەڵکی زۆرتر دێنێتە سەر شەقامەکان. هەوڵەکانی ئیلۆن مەسک کە بە خەرجکردنی بودجەیەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری دەیویست زەمینە خۆشبکات بۆ هەڵبژاردنی لایەنگرێکی ترامپ بە ناونیشانی دادوەری دادگای باڵای ولایەتی ویسکانسین شکستیخوارد. ئەگەرێکی زۆرە کە کۆماریەکانی لایەنگری ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی دووەمدا زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دەستبدەن، بەڵام تەنها ئەمانە بەس نیین. پاشەکشەی دەستەی دەسەڵاتداریەتی بەهێزترین هێزی ئابوری و سەربازی جیهان لە دیموکراسی لیبراڵی ناتوانرێت بە ئاسۆی دیموکراسی وەڵامبدرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سیاسەتمەدارە باو و تەقلیدیەکان ڕێگاچارە نییە؛ ئەگەر ببوایە، دیاردەیەکی وەک ترامپیزم هەر لە بنەڕەتەوە جێگایەکی بۆ گەشەکردن پەیدا نەدەکرد. ئەمریکا و جیهانی سەرمایەداری دوای سەردەمی ترامپ لە هەموو کات زیاتر ڕوبەڕوی دژایەتیەکی(تناقضات) زۆر پایەییتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە. دژایەتییەک کە لە هەموو کات زیاتر و ئاشکراتر بێتوانایی دەسەڵاتی لەسەدا یەکەکان دەردەخات لە بەدیهێنانی تەنانەت سەرەتایترین مافەکانی لە سەدا نەوەت و نۆی خەڵک وکۆمەڵگە.

جیهانی شارستانی دەبێت دەست بۆ ریشە بەرێت، ڕیشەش هەمان سیستمی سەرمایەدارییە کە لە پێناو مانەوەی خۆیدا پێویستی بە دیماگۆجیەتێکی خۆسەپێنی وەک ترامپ هەیە. وەڵام بە گەڕانەوەی سەرمایەداری بۆ دەسەڵاتی هەڕەمی و دەسەڵاتی ڕەهای کەسانی وەک ترەمپ و پۆتین، تەنها دەتوانێت ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و حکومەتی سەروو خەڵکی بێت. وەڵامی ئەم بارودۆخە تەنها بە بەشداریکردنی هەموو هاوڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی کۆمەڵگا و ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بەجۆرێک کە بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی هەموان بێت نەک تەنها بۆ قازانجی کەمایەتیەکی موفتەخۆر.

پێویستە لەبەرامبەر پاشەکشەی دیموکراسی لیبرالیدا تێپەڕین بێت بەرەو دیموکراسی ڕاستەوخۆی خەڵک، لە بەرامبەر نکۆڵیکردنی ئازادییە سیاسی ومەدەنیەکان هەڵوەشانددنەوەی زۆرەملێی ئابوری و ئازادی و ڕزگاری ڕاستەقینەی هەموو مرۆڤەکان بێت لە کۆیلایەتی بەکرێگرتە. لەبەرامبەر سنوردارکردنی دەسەڵات و بریارەکان لە دەستی یەک کەسدا، پێویستە پەرچەمی گێڕانەوەی بڕیار و دەەسەڵات بۆ مرۆڤەکان و لەبەرامبەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆمەڵگەی ئینسانی بەرزبکەینەوە. هیزی بەرهەمهێنانی مرۆیی بە پاڵپشتی شۆڕڕشی پیشەسازی چوارەم و توانایی پەیوەندیگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی جیهان لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە، لەهەرکاتێک زیاتر زەمینە ماددیەکانی جێبەجێکردنی سۆشیالیزمی فەراهەمکردوە. زەلکاوی ترامپیزم پێویستە و دەتوانرێت بە هیرشی سۆشیالیستی وەڵام بدرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×