پێگەی شیعرو شانۆ لەکتێبی وشەکان و جیاوازی
  2025-04-15       353       

هاوڕێ جەمال


کتێبی وشەکان و جیاوازی لە نووسینی ڕزگار حەمە ڕەشید، لە دوو توێی (٢٣٩) لاپەڕەدا لەلایەن چاپخانەی کارۆوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.


ئەم کتێبە باس لەو ڕێبازو قوتابخانە فیکریانە ئەکا لەگەڵ سەرمەشقەکانیان کە تان و پۆی بیری ڕەخنەییان کێشاوە بە درێژایی بوونی مرۆڤ لەناو یەکەیەکی گشتگیرتردا وەک کۆمەڵ یاخود کۆمەڵگە.
بەشی یەکەمی ئەم کتێبە زیاتر تیۆریەو ناساندنی قوتابخانە ڕەخنەییەکانە.
نووسەر لەم بەشەدا بە ووردی تیشکی خستۆتە سەر ھەریەک لەو قوتابخانە ڕەخنەییانەی کە ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبووە لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی خۆرئاوا ھەر لەسەردەمی پیشەسازییەوە تاوەکو سەردەمی مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنە.
بۆ چوونەکانی ھەریەکە لە بیرمەندی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩٢-١٩٣٧)، ھەردوو بیرمەندی ئەڵمانی واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠)، و تیۆدۆر ئەدرنۆ (١٩٠٢-١٩٦٩) دەربارەی پەیوەندیەکانی نێوان کلتوورو سیاسەت، بەکاڵاکردنی ھونەرو جونیناسی لەژێر سایەی سیستمی سەرمایەداری، ڕووبەرێکی باشیان لە دوو توێی ئەم بەرھەمە بۆ تەرخانکراوە.
پاشان نووسەر دێتە سەر باسکردنی خوودی چەمکی ڕەخنە (کریت) و لەوێشەوە خوێنەر بە چەمکی ڕەخنەی ئەدەبیی ئاشنا ئەکا، بە بۆچوونی نووسەر ڕەخنەی ئەدەبی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانیەتی گریکی و بەدیاریکراوی بۆ سەردەمی داستانە شیعرییەکانی ھۆمریوس (ئەلیادەو ئۆدیسە) کە مێژووەکەیان ئەگەڕێتەوە بۆ ٨٠٠ ساڵ پێش زایین.
سەبارەت بە رەخنەی ئەدەبی نووسەر ھەر لەو سەروەختەدا ئەو ناکۆکیە قوڵەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە نێوان ئەفڵاتون فەیلەسوفی یۆنانی و ئەرستۆی خوێندکاریدا ھەبووە، بەجۆرێک ئەفلاتون (پلاتۆ) باوەڕیچوایە ھونەر بریتییە لە بەرھەمھێنانەوەیەکی خاکەڕایی و ئاسایی سروشت، لە کاتێکدا ئەرستۆ بەرپەرچی ئەم بۆ چوونەی مامۆستاکەی ئەداتەوەو پێی وایە شاعیر تەنیا لاسایی شتەکانی ناو سروشت ناکاتەوە بەڵکو بەو شێوەیە دەیانخاتە ڕوو کە پێویستە ببن.
سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆرە ڕەخنەییەکانیش نووسەر بە تێرو تەسەلی باسی لە ڕێبازە ڕەخنەییەکان کردووە، بەڵام لە کۆی ئەو ڕێبازانە ئەوەی بەلای ئێمەوە جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردنبوو، بۆچوونەکانی ماثیۆ ئارنۆڵد (١٨٢٢-١٨٨٨)ی شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی بوو، شیعر بەپێی تێڕوانینەکانی ئارنۆڵد جێگەی ئایین دەگرێتەوە، و دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە، کە بەھۆی لێکدانەوەکانی داروین و تیۆرەی گەشەسەندنەکەیەوە، بۆ دین و بیرو باوەڕە ئایینیەکان لەناخی مرۆڤەکاندا دروست بوو.
واتە ئارنۆڵد وەک ئەلتەرناتیفێکی ئایینی بۆ شیعری ڕوانیوە، ھەر لێرەشەوە ئەکرێ تێڕوانینەکانی بۆ کلتور وەک ڕەھەندێکی بان مێژوویی سەیربکەین، چونکە پێی وابووە، بەھا کلتووریەکان کەخۆی پشتگیری لێ کردوون بۆ ھەموو بارودۆخێک گونجاون و بۆ ھەمیشە بەڕاستی ئەمێننەوە، کە ئەمەش بۆتە ھۆی ڕەخنەی زۆرێک لەو تیۆریستە ڕەخنەییانەی کە پاش ئەم لەسەریان نووسیوە، بەنموونە ئۆسکار وایلد (١٨٥٤-١٩٠٠)ی شاعیرو نووسەری شانۆنامەی ئینگلیزی، پێی وابووە رەخنە ھێزێکی داھێنەرانەی ھەیەو دەسەڵاتەکەی لە نەریتەوە سەرچاوەی نەگرتووە وەک ئەوەی ئارنۆڵد پێی وابووە، بەڵکو لە ئەزموونەوە سەریان دەرھێناوە.
بۆ یەکێک کە بیەوێ ئاشنابێ بەو بازنە ڕەخنەییانەی کە لەسەر ئاستی کلتووری، مێژوویی ، سیاسی و تەنانەت دەروونی و جێندەری و فێمێنیستی ژیاری ڕۆژئاوا بەرھەمی ھێناوون ئەم کتێبە کۆمەکێکی باشی ئەکا لە گشت ئەو بوارانەدا.
ھەرچی بەشی دووەمی ئەم کتێبەیە نووسەر لاپەڕەکانی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەسەر ھونەرو لێک ئامێزانی لەگەڵ ھەلومەرجە سیاسیەکان، نووسەر گوتاری ڕەخنەیی شانۆ لە حەفتاو ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە گوتاێکی سیاسی ئەبەستێتەوەو پێی وایە ئەمە ھۆکارێک بووە بۆ لەباربردنی دەرفەتی قاڵبوونی تەکنیکی لە بواری شانۆدا.
ھەر لەم بەشەدا نووسەری کتێبی وشەکان و جیاوازی چەندین چەمکی پەیوەست بە دەق و ھونەرەوە شیدەکاتەوە، و دەیخاتە بەر دیدەی خوێنەران لەوانەش چەمکەکانی: مەبەستگەرایی ، بەرھەمھێنەرو بەرھەمھێنراو، دەقی چالاک و دەقی پاسیڤ، فینۆمینۆلۆجیای بینین.
دوا بابەتی ئەم پەڕتووکە بەپێزە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوتی ھونەری شانۆ لە کوردستاندا ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم ھونەرە، دەرگیر لەگەڵ رۆحیەتی یاخیبوون بازدان بەسەر لاساییگەری و شوێنپێھەڵگرتنەوە، لەبەرامبەر ئەو ھەوڵانەی مەبەستیانە ئەو دۆخە تێپەڕێنن.
لێرە نووسەر دوو جۆر لە یاخیبوونمان بۆ جیادەکاتەوە یاخیبوونێک کە تەنیا یاخیبوونە بۆ رەتکتدنەوەی ھەموو ئەو رێچکەو شێوازە باوانەی ھەن، بەبێ بوونی پڕۆژەیەک بۆ شوێنپێدانان و تێپەڕاندن، لەگەڵ یاخیبوونێک لەپێناو ڕەتکردنەوە داڕشتنەوە لە ھەمانکاتدا، بەمەبەستی لەدایکبوونی فۆڕمێکی نوێ لەکاری ھونەری بەگشتی و ھونەری شانۆ بەتایبەتی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×