گروپی حوسییەکانی یەمەن ئێوارەی سێشەممە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان لەدژی ئیسرائیل کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر یەمەن ڕاگەیاند.
مەهدی مەشات سەرۆکی حوسییەکان بەئاژانسی هەواڵی یەمەن (سەبا)ی ڕاگەیاندوه، "بزوتنەوەکە بەردەوامدەبێت لەهێرشەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەغەززەو لەمەودوا دەبێت ئیسرائیل لەپەناگەدا بمێنێتەوە یان دەستبەجێ وڵاتەکەیان بەجێبهێڵنو بڕۆن، چونکە حکومەتە شکستخواردوەکەی چیتر ناتوانێت پارێزگاری لەهاوڵاتییانی ئێوە بکات".
لەدرێژەی قسەکانیشدا وتی:"یەمەن هیچ دەست ناپارێزێتو هێرشەکانی بۆ پشتیوانی براکانی لەفەڵەستین ڕاناگرێت، تائەوکاتەی هێرشەکانو گەمارۆکان بۆ سەر غەززە هەڵدەگیرێت".
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان پێشتر ڕایگەیاند، "یەمەنو ئەمریکا گەیشتونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لەڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا".
پێشتر فەرماندەیەکی باڵای سەربازی حوسییەکان ئێوارەی سێشەممە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە سەبارەت بەڕاگەیاندنی گروپی ئەنساروڵڵای حوسییەکان دەربارەی ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کەشتیەکانو "تەسلیمبونی" بەئەمریکا.
فەریق عابد محەممەد سەور یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئیدارەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەسەنعا ڕاگەیاندبوو، لێدوانەکانی ترەمپ "هەڵەنو هیچ نێوەندگیرییەکمان نییە بۆ دانوستانو گفتوگۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە ئەمریکییەکانمان ئاگادارکردبێتەوە بەوەی دەمانەوێت شەڕەکە ڕابگرین، درۆیە، ترەمپ هەوڵدەدات توانا سەربازییەکانی یەمەن کەمبکاتەوە، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا ئێمەی نەترساندوە.
پێشتر دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگهیاندبوو، "حوسییەکان بەئێمەیان ڕاگەیاند کە خۆیان ڕادەستدەکەنو ئیدی هێرشناکەنەسەر کەشتییەکانی ئەمریکا، ئێمەش هێرشەکانمان لەدژیان ڕادەگرین".