دوای ئەو مشتومڕانەی لە سەر سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا لە ناو لایەنە شیعەكان درووست بوو، شەرع بڕیاریدا سەردانی عێراق نەكات، هەروەها ئەمڕۆ سەرۆكی لوبنان بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا پشتڕاست كردەوە.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی لیوای لوبنانی سەبارەت بە هۆكاری بەشدارینەكردنی جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا، كە بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، زانیاری نوێی خستەڕوو.
ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوە فەرمییەكانەوە بڵاوی كردەوە، جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ناكات، بەڵام نەواف سەلام، سەرۆكوەزیرانی لوبنان ڕۆژی هەینی بە یاوەری یوسف ڕاجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان دێنە عێراق.
ئاماژە بەوەشكراوە، چەند هۆكارێك هەیە بۆ بەشدارینەكردنی جۆزێف عەون لە لوتكەكەدا، لەوانە سەردانەكەی بۆ ڕۆما بە مەبەستی بەشداریكردن لە دەستبەكاربوونی پاپای نوێ، كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە ١٨ـی ئایار بەڕێوەبچێت.
هاوكات، پێشتر سەرۆكایەتی سووریا بڵاوی كردەوە، ئەحمەد شەرع بەشداری لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ناكات، بەڵام ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا سەرۆكایەتی شاندی سووریا بۆ لوتكەكە دەكات.
بڕیارە ١٧ـی ئەم مانگە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا بە بەشداری سەرۆك چەند سەرۆك و سەركردەیەكی عەرەبی بەڕێوەبچێت، بەغدا بەردەوامە لە ئامادەكارییەكان بۆ سەركەوتنی ئەو لوتكەیە.