مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، لێدوانەكانی ئەم دواییە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەكە، دژبەیەكن، لەلایەك باس لە ئاشتی و لەلایەكی دیكەوە هەڕەشە دەكات. دەشڵێت، ئێمە لەژێر هەڕەشەدا دەستبەرداری دەسكەوتە ئەتۆمییەكانمان نابین.
ئاوێنە: مەسعود پزیشكیان، ئەمڕۆ شەممە، لە رێوڕەسمێكدا وتەیەكی پێشكەشكردو وتی، لێدوانەكانی ئەم دواییەی ترەمپ لەمیانی گەشتەكەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەكە لەدژی ئێران، جگە لە خۆی كەس باوەڕیان پێ ناكات، ئەو لەلایەك باس لە ئاشتی و ئارامی دەكات و لەلایەكی تر هەڕەشەدەكات و بە لێدوانی دژبەیەك هاوكات پەیامی ئاشتی و پەیامی كوشتارو ناسەقامگیری دەنێرێت.
پزیشكیان وتیشی، ئێمە بەدوای جەنگدا ناگەڕێین و دانوستان و گفتوگۆ دەكەین، بەڵام لە هەڕەشە ناترسین و بەهیچ شێوەیەك دەست لە مافە یاساییەكانی خۆمان هەڵناگرین.
ئەوەشی خستەڕو، بەوجۆرە نییە كە ئەوان پێیان وابێت ئەگەر هەڕەشەمان لێبكەن، دەست لە مافی مرۆیی و مافی راستەقینەی خۆمان هەڵدەگرین، ئێمە دەستبەردار نابین و دەسكەوتە سەربازی و زانكۆیی و زانستی و ئەتۆمییەكانی خۆمان لەدەست نادەین.