محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی 20 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززەو 20 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئاوەدانكردنەوەی لوبنان دابین دەكات.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە وتارێكدا لە كۆبونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا، رایگەیاند، گەلانی عەرەب ئەمڕۆ بەو هیوایەوە چاویان لەوەیە كە هەڵوێستەكان بكرێنە چارەسەر.
وتیشی، عێراق لە سیاسەتی دەرەوەیدا رێگەی شەراكەوت و هاریكاری و بەهێزكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی وڵاتانی عەرەبی گرتۆتەبەر.
ئاماژەی بەوەشدا، پشتیوانیمان لەو چارەسەرانە كردوە كە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنن و بەشداریمان كردوە لە نزیككردنەوەی تێڕوانینە لێك دورەكان و عێراق رێگەی دیپلۆماسیەتێكی بەرهەمداری گرتۆتەبەر بۆ بەشداریكردن لە گەشەپێدانی برایەتی و ئایین و بیری میانڕەوی.
سودانی جەختیشی لە مافەكانی گەلی فەلەستین كردەوە لەسەر خاكی خۆی لەگەڵ راگرتنی دەستدرێژییەكان بۆ سەر غەززەو وتیشی، راگواستنی زۆرەملێی فەلەستینییەكان رەتدەكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پشتیوانی لە ئاگربەست لە باشوری لوبنان دەكەین و ئیدانەی دەستدرێژییە دوبارەكان بۆ سەر سەروەری ئەو وڵاتە دەكەین.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد، هەڵوێستی خۆمان بۆ یەكپارچەیی خاكی سوریاو سەروەری ئەو وڵاتە دوپات دەكەینەوەو هەر دەستدرێژییەك یان هەژمونێك لەسەر خاكی سوریا رەتدەكەینەوە.
وتیشی، بڕیاری ئەمریكا بۆ هەڵگرتنی سزاكان لەسەر سوریا بەرز دەنرخێنین.
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە عێراق لەگەڵ یەكپارچەیی و سەروەریی یەمەن و كۆتاییهێنان بە شەڕو دابەشبوندایە.
هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێشوازی و پشتیوانی عێراقی بۆ دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران دوپاتكردەوە.
هەروەك وتیشی، 18 دەستپێشخەری رادەگەیەنین بۆ كاراكردنەوەی كاری هاوبەشی عەرەبی و لەپێش هەمویشیانەوە دامەزراندنی سندوقی عەرەبی بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی ئاوەدانكردن لە دوای شەڕو ململانێكان.
ئەوەشی خستەڕو، عێراق 20 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززەو 20 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئاوەدانكردنەوەی لوبنان دابین دەكات.