ئابووریناسێك: گرێبەستە نوێكەی هەرێم لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی ساختەیە
  2025-05-21       217       

شارەزایەكی بواری ئابووری ڕایگەیاند: ئەو گرێبەستانەی ئەم دواییانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا ئەنجامی داوە ساختەیە، دەشڵێت: ئامانجی ڕێككەوتنەكە شەرعییەتدان بوو بە قاچاخچێتی نەوتی هەرێم.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابووری سەبارەت بە وردەكاریی ئەو گرێبەستانەی، كە دوێنێ حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆی كرد، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

نەبیل مەرسومی ڕایگەیاند: سەنتەری ستاندەر لێكۆڵینەوەیەكی وردی ئەنجامداوە سەبارەت بە گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی لەگەڵ دوو كۆمپانیا لە ئەمریكا خستووەتەڕوو، بەپێی لێكۆڵینەوەكان، ئەو دوو كۆمپانیایە ئۆفیسیان لە ئەمریكا نییە، خاوەنی یەكێكیان سەربازێكی خانەنشینكراوی ئەمریكییە، ئەوی دیكەشیان بە ناوی چەند كەسێكەوەن، كە ناسنامەكەیان نادیارە.

ئاماژەی بەوەشكرد: میدیاكان باس لەوە دەكەن ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان حكومەتی هەرێم و ئەمریكادا واژۆكراوە، بەڵام لەڕاستیدا ڕێككەوتنەكە لە نێوان حكومەتی هەرێم بە تایبەتی ئیدارەی هەولێر و دوو كۆمپانیای ئەمریكی و كەنەدی، وێستەرن زاگرۆس كۆمپانیایەكی تۆماركراوی كەنەدییە و خاوەنەكەی كۆمپانیای ئێڵ تی دییە، كۆمپانیاكە لە كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان كاردەكات، سەرپەرشتیاری سەرەكیشیان كەسێكە بە ناوی تۆفیق شاهین.

وتیشی: HKN Energy  كۆمپانیایەكی تایبەتە و خاوەندارێتی دەكرێت لەلایەن كەسانی نەناسراوە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆماركراوە و ڕوسیل فریمان، ئەفسەری خانەنشینكراوی سەربازی ئەمریكا، وەك سەرۆكی ئەو كۆمپانیایە دەستنیشان كراوە.

دەشڵێت: بەپێی توێژینەوەی سەنتەری شیكاری ستاندارد، گەیشتووینەتە ئەم ڕاستیانەی خوارەوە سەبارەت بەم ڕێككەوتنە:

یەكەم– ئەمانە كۆمپانیاكانی پلە B و Cن، كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر سیاسەت و حكومەتی ئەمریكا نییە، هەروەها لە ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی نزیك نین، جگە لە لۆبیكردن هیچ ڕۆڵێكیان نەماوە.

دووەم– ئەو دوو كۆمپانیا بچووك و تایبەتن، كە تەنها بۆ مەبەستێك یان بوارێكی دیاریكراو دامەزراون، پێكەوە وەك بەرەیەك كاردەكەن بۆ شەرعییەتدان بە كارەكانیان لە دەرەوەی وڵات، ئەوان تەنیا چەند ناوێكن، بۆیە گومان دەكرێت حكومەتی هەولێر خۆی خاوەنی سەرەكی ئەم كۆمپانیایە بێت، بەو پێیەی تاكە شوێن لە جیهاندا، كە كارەكانیانی تێدا دەكەن، هەرێمی كوردستانە.

سێیەم: سەرپەرشتیاری دارایی ئەم ڕێككەوتنە گرووپی ئۆنێكسە، كە كۆمپانیایەكی سەرمایەی مەترسیداری كەنەدییە، كە تەنها پشك و بۆندەكانی كۆمپانیاكانی دیكە دەكڕێت لە بەرامبەر بڕە پارەیەكی دیاریكراو.

باسی لەوەشكرد: سەنتەری ستاندەر پێیان سەیرە بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمەی كردووە، هەرچەندە دادگای پاریس و دادگای فیدراڵی ڕێگای پێنادەن، بەڵام ئەو كۆمپانیایانە ناوبانگێكی خراپیان هەیە لە ئەمریكا بەتایبەت لەلای ئیدارەی ترەمپ.

مەرسومی لە كۆتاییدا وتی: ڕوونە، كە ئەمە ڕێككەوتنێكی ستراتیژی نێوان حكومەتەكان نییە.

جێگای ئاماژەیە، ١٩ـی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە ئەمریكا و دوێنێ گرێبەستێكی بە بەهای١١٠ ملیار دۆلار، بۆ وەبەرهێنانی غاز لە كێڵگەی میران و كێڵگەی تۆپخانە-كوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی واژۆكرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×