وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەفدی وڵاتەكەی بەشداری لە خولی پێنجەمی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە وڵاتەكەی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.
ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە پێشنیاری عومان بۆ بەڕێوەچونی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لە رۆژی هەینی داهاتو لە رۆما، رایگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران بەو پێشنیارییە رازییەو بەشداری دەكات.
بەقایی جەختی كردەوە كە وەفدی دانوستانكاری ئیران پێداگرە لەسەر ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێران بۆ بونە خاوەنی وزەی ئەتۆم لەبواری ئاشتی بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاكانەوە.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس ئاشكرایكرد، رۆژی هەینی 23ی ئایار، گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە رۆما بەڕێوەدەچێت.
تاوەكو ئێستا چوار گەڕی دانوستان لەنێوان ئەمریكاو ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەچون، سێ گەڕی دانسوتانەكان لە مەسقەتی پایتەختی عومان و گەڕێكیشیان لە رۆما ئەنجامدراون.
وێڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێران و ئەمریكا گەڕەكانی پێشوی دانوستانەكانیان بە ئەرێنی ناوبردون بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەڵام ناكۆكی سەرەكییان پێدەچێت لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت لەلایەن ئێرانەوە.
ئەمریكا رایگەیاندوە، پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە تەنانەت بەڕێژەی 1%یش، هێڵی سورەو ئێرانیش جەخت دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبارەی لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەمریكاوە لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم وتی، هەڵوێستی ئێمە تەواو رونە، پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێككەوتن بێت یان بێ رێككەوتن، بەردەوام دەبێت، دیراسەی ئەوە دەكەین كە لە گەڕی داهاتوی دانوستانەكاندا بەشداری بكەین یان نا.