بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان وەڵامی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەداتەوە دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەستەكەی عێراق تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە چواری ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێن، خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی كاری خۆیان دەكەن و هەرێمی كوردستان سیستمێكی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕیوەبردنی دەروازە سنوورییەكان هەیە كە بەشێوەیەكی یاسایی داهاتەكان كۆدەكرێنەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە عێراق هەیە كە سیستمی دەروازە سنوورییەكان بە خراپی بەڕێوەبردن ناسراون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە كە هێرشی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بۆسەر هەرێمی كوردستان بابەتێكی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكانە.
" گەندەڵی لە داودەزگا فیدراڵییەكان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و پەلاماردانی كوردستان بەشێكە لە هەوڵەكانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شكستی ئیدارەدانی خۆیان" بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان وایان نووسیوە.