ئاسایشی سۆران رایگەیاند، پێنج تۆمەتباریان دەستیگركردون لەسەر ساغكردنەوەی پارەی ساختە، تۆمەتبارەكان خەڵكی باشور، باكور و رۆژهەڵاتی كوردستانن.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەشی ناوشاری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان توانیان 5 تۆمەتبار دەستگیربکەن کە هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانی ساغکردنەوەی پارەی ساختە کە تۆمەتبارن بەپێی مادەی 281ی یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و روبەڕوی دادگا کراونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ا. ا. م.) دانیشتوی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە ئێران و پارەی لەجۆری 25 هەزار دیناری ساختەی ساغكردۆتەوە.
هەروەها دو تۆمەتباریشیان بە ناوەکانی (ا. ب. م.) و (ر. ا. ح.) دانیشتوی سۆرانن و پارەی ساختە لە جۆری 50 هەزار دیناریان ساغكردۆتەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دو تۆمەتبارەكیە دیكەش بە ناوەکانی (م. خ. م.) و (ب. ی. ح.) دانیشتوی شەمزینانی باکوری کوردستانن لە تورکیا، پارەی ساختە لە جۆری 100 دۆلاریان ساغكردۆتەوە.