نازانم چۆن چیرۆکی من و تۆ دەستیپێکرد، بەڵام لەبیرمە کە یەکەمجار تۆم خوێندەوە هەستمکرد تۆ من دەنووسیتەوە نەوەک پاڵەوانەکانت.
تۆ بەبێدەنگییەکی ڕوسیانەی خەمگینەوە گوێت لە شڵەژانە دەروونییەکانی من دەگرت و لەنێو دێڕەکانەوە بە منت دەوت: من دەتناسم...نەترسی..!
خۆشمویستی چونکە تۆ ئازارت جواننەکرد، بەڵکو وتت ئازار هاوڕێی بیرکردنەوەیە و ئەوەی کە ئازار دەچێژێت قوڵاییەکانیش دەبینێت.
خۆشمویستی چونکە تۆ بۆ درەوشانەوە نەتنووسی، بەڵکو بۆ پاککردنەوەی دڵت، هەربۆیە هەر ڕۆمانێکت دەنووسی وەک ئەوەبوو کە تازە لەدایک ببیتەوە.
ڕەشبین بوویت...بەڵێ..بەڵام لە ڕەشبینییەکەتا من ڕووناکیم دەبینی و لە فەوزاکەتدا ڕاستگۆیی..
تۆ ئەوەت دەوت کە من نەمدەتوانی بیڵێم، تۆ وەرگێڕی خەمگینییەکانی من بوویت و ئەو غوربەتەم بویت کە لەنووسیندا دەدرەوشایەوە.
لەگەڵ تۆدا ئەی دۆستۆیڤسکی دەرکم بەوەکرد کەوا لاوازی هیچ عەیبەیەکی تیادا نییە، هەروەها دەرکم بەوەکرد کە مرۆڤ لەیەککاتدا دەتوانێت پاکبێت و دژ بەیەکبێت، باوەڕداربێت و تێکشکاو بێت. ئێستاش من ئەوەم.
ئەگەر چاوم پێتدەکەوێ لەبەرامبەرتا بەبێدەنگی دادەنیشم و تەنیا بە چاو پێتدەڵێم:
سوپاس...بۆ ئەوەی کە پێش ئەوەی بمناسیت، منت نووسیەوە!.
لەعەرەبییەوە: هێمن مەحموود