هه‌ینی, 20 ی ‌حوزه‌یران , 2025
خەزعەلی داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەكات فشار لە حكومەت بكەن تا پابەندبێت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە
  2025-06-07       653       

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی ئەهلی هەق، پێی وایە كێشەی سەرەكی نێوان بەغداو هەولێر ئەوەیە كە زۆربەی بەرپرسانی هەرێم باوەڕیان بە "عێراقێكی یەكگرتو" نییە. ئەو داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم دەكات فشار لە حكومەتەكەیان بكەن تا پابەندبێت بە دەستورو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی وتاری نوێژی جەژندا رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ساڵی رابردو لەسەر ئاستی عێراق كەمترین رێژەی هەژاری لە هەولێر بوە كە 7.1% بوەو پاش هەولێر كەمترین رێژەی هەژاری لە سلێمانی بوە كە 8.1% بوەو هەروەها رێژەكە لە دهۆك 15.3% بوە. بەرزترین رێژەی هەژاری لە عێراق لە پارێزگای موسەننا بوە کە 40.3% و دواتریش بابل کە 35.7% بوە. لە بەغدا رێژەی هەژاری 13.1% بوە.

خەزعەلی وتیشی"ئامارە رەسمییەكان نیشانی دەدەن كە زۆربەی پەنابەرانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات، خەڵكی هەرێمی كوردستانن."

بەپێی قسەی خەزعەلی "بۆ خەڵكی كوردستان باشترە ئینتیمایان بۆ عێراقێكی فیدراڵی هەبێت نەك جیابونەوە."

لەبارەی كێشەی موچەو كێشەكانی داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی ئەهلی هەق وتی، ئەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هیچ لۆژیكی نییە داوای هەمو شتێك بكەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێك رادەست بكەن.

خەزعەلی وتیشی، "كێشە سەرەكییەكە كە كێشەكانی دیكەشی لێكەوتۆتەوە ئەوەیە كە زۆربەی بەرپرسانی هەرێم باوەڕیان بە عێراقێكی یەكگرتو نییە."

وتیشی، حكومەتی هەرێم بەرهەمی نەوت رادەستی بەغدا ناكات و بە نرخێكی هەرزان دەیفرۆشێت و هەروەها داهاتی دەروازە رەسمی و نایاساییەكانیش رادەستی بەغدا ناكات.

خەزعەلی داوای لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد كە فشار لە حكومەتی هەرێم بكەن و وتی"ئەی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستە لەسەرتان فشار لە حكومەتەكەتان بكەن بۆ ئەوەی پابەندبێت بە دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×