ئایدن مەعروف: بەغداد پرسی مووچە بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکاردەهێنێت
  2025-06-08       227       

وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت و پرسی مووچە بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنێت.

ئاوێنە: ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" پرسی مووچە کە پرسێکی گرنگ و مرۆڤایەتییە، بەغداد یاری بەو پرسە دەکات و بۆ مەرامی خۆی بەکاری دەهێنێت و پابەند نابێت بەو ڕێککەوتنانەی کە لەنێوان هەرێم و حکومەتی عێراق دەکرێت".

باسی لەوەشکرد برینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەم کاتەدا بەتایبەت لەم جەژنی قوربانە، ستەمێکی گەورەیە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردی، لە دەرەوەی مرۆڤایەتییە و دژی مافەکانی مرۆڤە و دژی دەستووری خودی عێراقە.

ئایدن مەعروف ئەوەشی خستەڕوو لە ڕابردوودا چەندان ڕێککەوتن هەبووە، هەرگیز حکومەتی عێراق پابەندی هیچ یەکێک لە ڕێککەوتنەکان نەبووە، بەتایبەتی پرسی مووچە و بودجە، لە دادگای فیدراڵ یەکلا کراوەتەوە لە یاسای موازەنەش دەستنیشان کراوە، بەڵام بەداخەوە هەموو مانگێک حکومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئەمەش بە هەموو پرەنسیپەکان نادەستووری و نایاساییە.

ڕاشیگەیاند، پرسی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقی کراوە بە پرسێکی سیاسی، دەیانەوێت فشاری سیاسی دروست بکەن لەسەر هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×