ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، لەو كاتەی ئەحمەد شەرع لە سووریا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئاماری كوشتنی خەڵكی مەدەنی زیادی كردووە و لە سەرانسەری سووریا حەوت هەزار و ٦٧٠ كەس كوژراون، جگە لەوەی ژمارەکەی دیکە کوژراون و تۆمار نەکراون.
ئاوێنە: ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ (SOHR) سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە وەك سەرۆكی کاتی دەسەڵاتی دیمەشق كوژراون، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە نێوان ٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو تا ٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، واتە لەوكاتەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی کاتی دەسەڵاتی دیمەشق دەستبەكار بووە، حەوت هەزار و ٦٧٠ كەس لە سەرانسەری سووریا كوژراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو ژمارەیە پێنج هەزار و ٧٨٤ لە قوربانییەكان خەڵكی مەدەنین و لەنێوانیاندا ٣٠٦ منداڵ و ٤٢٢ قوربانی ژنی تیادایە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە راپۆرتەكەدا خراوەتەڕوو، خەڵكی مەدەنی نزیكەی (٧٥٪)ـی كۆی گشتی كوژراوەكان پێكدەهێنن و پیاوان نزیكەی (٨٧٪)ـی كوژراوەكان پێكدەهێنن ژنان و منداڵانیش (١٢.٦٪) پێكدەهێنن.
باس لەوەشكراوە، دوای شەش مانگ لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هێشتا سووریا بەدەست پشێوی ئەمنی و هەڵوەشاندنەوەی مەترسیداری دامەزراوەیی دەناڵێنێت، لە سایەی زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن و نەبوونی دادگا، ئەمە سەرەڕایی ئەو كومەڵكوژییانەی بە ڕۆژی ڕووناك ڕوودەدەن بەبێ لێپرسینەوە ڕوودەدەن، هەروەها بەردەوامیی گوتاری تائیفی، كە هەڕەشە لە تەونی كۆمەڵایەتی دەكات و پیلانی تۆڵەسەندنەوە زیاتر دەكات.
روانگەی سووری لە كۆتایدا دەڵێت: ئەم ژمارە زۆرە لە قوربانی، دەرەنجامی توندوتیژی و پێشێلكارییە بەردەوامەكانی لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بووە، جگە لەبڵاوبوونەوەی ئاژاوەی ئەمنی بەرفراوان.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم ئامارانەی خراونەتەڕوو تەنیا ئەو كەسانەیە كە كوژراون و تۆماركراون، چەندین هاوڵاتی دیكە كوژراون و تا ئێستا شوێنی تەرمەكانیان بە نادیاری ماوەتەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا كۆمەڵكوژییەكی زۆر بەرامبەر بە عەلەوەییەكان و درووزییەکان كرا.
شایەنی باسە، لەگەڵ بەهاری عەرەبییدا، لەناوخۆی سووریا ئاڵۆزی و کوشتاری گەورە دەستی پێکردووە و چی لە سەردەمی بەشار ئەسەد و چی لە دوای ڕووخانی بەشدار ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، تا ئێستا مەزەندەی کوژرانی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەکرێت بە ژن و منداڵیشەوە، ئەمە جگە لە ئاماری بەرزی بەرینداربوون و ئاوارەبوونی هاوڵاتییان.