رۆمانێك بەهەڕەشەیەكی كوشتن دەناسرێت
  2025-06-08       444       

محەمەد نوری

 

گەورەكردن لەرێی فەتواكەوە

بەرلەچەند ساڵێك لەمەوبەر رۆمانی ئایەتە شەیتانییەكانم خوێندنەوە،وەك رۆمان هیچ چێژێكی ئەدەبیم لێ نەبینی،دەڵێم وەك رۆمان ،چونكە رۆمان بەرهەمی خەیاڵە ، ناكرێت وەك بەڵگەیەكی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ،چونكە خەیاڵ لەرۆمانەكاندا زاڵن نەك گێڕانەوەی روداوەكان وەك لەمێژوودا،رۆمان بەڵگەی مێژوویی ناوێت تەنها رستە وگێڕانەوە ودروستكردنی پاڵەوانی دەوێت .

ئایەتە شەیتانییەكانیش رۆمانێكە بەرهەمی خەیاڵە و هەرچەندە نوسەرەكەی لەم كتێبەدا زۆر داهێنانی نەكردوە وەك رۆمانی (منداڵانی نێوە شەو).بەڵام هیچ كات رۆمان نابێتە بەڵگەی مێژوویی.

پاش دەرچونی دواین كتێبی روشدی بەناوی چەقۆ(كەگێڕانەوەی روداوی هەوڵدان بۆ كوشتن و چاكبونەوەی دەكات وئەمساڵ بڵاوكرایەوە) ،دوبارە بۆجاری دووەم دەستمكردەوە بەخوێندنەوەی ئایەتە شەیتانییەكان،ئەمجارەیان بەتەواوی بۆم سەلما كە ئەمە نەك رۆمان نییە بەڵكو هەڵچونێكە وهیچ داهێنانێكی ئەدەبیی تێیدانییە.

 

ئایەتە شەیتانییەكان لەچییەوە هاتوە؟

رۆمانی ئایەتە شەیتانییەكان لە بەسەرهاتی غەرانیق وەرگیراوە كە لەكتێبی سیرە و مێژویی ژیانی پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت)روداوێكە هەڵگری زۆر لە قسە و باس و تێڕوانینە (هەریەك لە ئیبن ئیسحاق وئیبن سەعد و تا دەگاتە ئەحمەد ئەمین )بەوردی ئەم روداوە دەگێڕنەوە ،جا راستی ودروستی ،یان درۆ وناراستی ئەم چیرۆكە نە كاری منە نە ئێرەشوێنی ئەوەیە،ئەوانەشی ورد لەمێژووی ئیسلام ئاگاداربن ئەم روداوە دەزانن چییە وچۆنە.

سەلمان روشدی هاتوەلەم روداوە كە گومانی نەبونی زیاترە لەبونی ، خەیاڵی نوسینی ئەم رۆمانەی نوسیوە ،كە جگە لەرۆمان وخەیاڵی نوسەر هیچ كاتێك ئەم رۆمانەی روشدی نابێتە كتێبێك بۆ سەلماندنی مێژوویی ئەم روداوە .

هەرچەندە روشدی زۆرجار قسەی توند و وێنەی ناشرین دروستدەكات بەڵام مرۆڤی خوێنەر دەكرێت وەك خەیاڵێك و خۆبەتاڵكردنەوەیەكی رستەسازیی سەیری بكات ،بەڵام نابێتە وەسیقەی مێژوو بۆ سەلماندنی روداوی غەرانیق.

 

فەتواكە زلی كرد

ئەوەی وایكرد كە ئەم رۆمانە زۆر بڵاوبێتەوە وبێتە كتێبێكی باسكراو و پڕفرۆش ئەو فەتوایەبوو كەلە ١٤ی شوباتی ساڵی ١٩٨٩ئیمامی كۆچكردو خومەینی بڵاوی كردوە وداوای كرد هەر كەسێك ئەم كافرە بكوژێت پاداشتێكی گەورەدەكرێت .

تەنها فەتوابوو نەك حكوم چونكە فەتوا بابی ئیجتهادی كەسێكە ،ئەم فەتوایە كاتی خۆی جیهانی ورژاند ،ئەزهەر وەڵامی دایەوە كە ناكرێت خوێنی نوسەرێك بێ دادگایی كردن بڕژرێت ،بۆشی باوك كە ئەوكاتە سەرۆكی ئەمەریكا بوو وتی: رەنگە قسەكانی سەلمان روشدی برینداركەربن بەڵام هاندان بۆ كۆشتنی كارێكە جێگەی قبوڵ نییە.

ئەم فەتوایەی خومەینی وایكرد كە جیهان بشڵەژێت و لەئاستی باڵای وڵاتان قسە لەسەرپاراستنی گیانی رۆمانوسەكە بكرێت .

لەسەروبەندی ئەوفەتوایە وشڵەژانی شەقام و خۆپیشاندان و گرژی نیوان موسڵمانان وپۆلیس لەزۆربەی پایتەختەكانی دونیا ،ژنەكەی سەلمان روشدی كە یەكێك بوو لە نوسەرە دیارەكان(ماریان ویجینز)دەڵێت:سەلمان چێژی لەو ناوبانگە دەبینی و زۆری پێخۆشوبوو كە وا بووەتە جێی باسی دنیا ، لەخۆشاردنەوەشی هەرجار وبە جل و دەموچاوێكی هەڵبستراو خۆی دەكرد بەلای هاوڕییەكاندا،شاگەشكەبوو كە كتێبەكەی هیچە لەچاو رۆمانەكانی تر بەڵام بەیەك فەتوا لەمسەری رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوا بەدوای كتێبەكەیدا دەگەڕێن.

 

فەتواكە چی لێهات؟

لەپاش مردنی ئیمام خومەینی ،مەحمەد حەسەنین هەیكەل چاوپێكەوتنێكی گەورە لەگەڵ رەفسنجانیدا دەكات پرسیاری ئەوەی لێدەكات كە ئایا ئێوە پابەندن بە فەتواكەی ئیمام لەسەر كوشتنی روشدی لەوەڵامدا دەڵێت:فەتوا بۆچوونە نەك بڕیار ،تەنها خاوەن راكەش دەتوانێت بۆچوونەكە بگۆڕێت ،خاوەن راكەش وەفاتی كردوە ،بۆیە ئێمە رێز لە فەتواكە دەگرین بەڵام حكوم نییە پابەندبین بە جێ بەجێكردنیەوە.

ساڵی ١٩٩٨كەمال خەرزای لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەئاشكرا رایگەیاند :حكومەتی ئێرانی پابەندنیە بەجێ بەجێكردنی فەتواكەی ئێمامی خومەینی ،ئەوە بۆچونی ئەو ئیمامە بووە ،نەك بڕیاری دەوڵەت.

بەڵام پاش ئەو هەموو ساڵە ،دواین كتێبی سەلمان روشدی كە بەناوی چەقۆیە ماوەی چەند مانگێكە وەرگێردراوەتەوە سەر عەرەبی ،باسی ساتی هەوڵدانی كوشتنی دەكات لە لایەن گەنجێكی شیعەوە .

بەمەش ئەم رۆمانە ولەپاڵیدا فەتواكە بوو بە بەڵای زەمانە بۆنوسەرەكە و لەسەرێكی تریشەوە بووە هۆكاری زیاتری ناوبانگی ئەم رۆمانوسە ئیسلامەی كە بەرەچەڵەك هیندییە.

ئەمە یەك رستە زەق دەكاتەوە :مەرج نییە كارەكە گرنگ بێت ،رەنگە كاردانەوەكان وابكەن كە كارەكە زیاتر بناسێنن ولەقەبارەی خۆی زیاتری بدەنێ..

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×