قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، پلانی رۆژانی جەژنی قوربان بە سەرکەوتویی جێبەجێکراوەو ژمارەیەك لەو سەرپێچیكارانەی كڕین و فرۆشتنیا بە ئاژەڵەوە كردوە دەستگیركراون.
ئاوێنە: ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، "ئامانج لە دانانی پلان بۆ رۆژانی جەژن و جێبەجێکردنی لەلایەن ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پاراستنی ئەمنییەت و تەندروستی هاوڵاتییانە، بە سوپاسەوە بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ توانیویانە بەسەرکەوتویی پلانەکە جێبەجێ بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بەردەوامبون لە ئەرکەکانیان و سەردانی تەواوی ئەو شوێنانەیان کردوە کە میوانان و گەشتیارانی شاری سلێمانی بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش رویان لێکردوە، ئەمە جگە لەئەوەی بە هاوبەشی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس هێزە ئەمنییەکانی دیکە تارادەیەکی زۆر رێگرییان لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و شەقامەکان کردوە".
ئەوەشی خستەڕو، "ژمارەیەک لە ئەو سەرپێچیکارانەی کە کڕین و فرۆشتنیان بە ئاژەڵەوە لە شوێنی نەشیاو و نەگونجاوەدا کردوە دەستگیرکراون، کە مەبەست لەدەستگیرکردنەکەیان نەفرۆشتنی ئاژەڵی ناساغ بوە بەئەو کەسانەی قوربانی دەکەن".
قایمقامی سلێمانی وتیشی، "سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ئازاد دەکرێن".