محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت بۆچونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا ناسه‌پێنێت و ده‌شڵێت، "حكومه‌ت ڕوبه‌ڕوی ئاسته‌نگه‌كانی ئه‌م قۆناغه بوه‌ته‌وه و ڕێڕه‌وێكی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر پرسێكدا داڕشتوه".
ئاوێنە: محه‌مه‌د شیاع سودانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه پێشوازی له ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و سه‌رۆك هۆزه باڵاكانی عێراق كرد و ستایشی هۆز و خێڵه عێراقییه‌كانی كرد، به‌و پێیه‌ی نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن كه به‌شدارییان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی عێراقدا كردوه.
محه‌مه‌د شیاع سودانی له دیدارێكدا رایگه‌یاندوه، "حكومه‌ت ڕوبه‌ڕوی ئاسته‌نگه‌كانی ئه‌م قۆناغه بوه‌ته‌وه و ڕێڕه‌وێكی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر پرسێكدا داڕشتوه، كاری له‌پێشینه‌ی داناوه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی هاوڵاتیانه و بوه‌ته جێی سه‌رنجی كاره‌كانی حكومه‌ت، هه‌روه‌ها زۆرێك له كێشه‌كان به‌پێی دیدگایه‌كی ڕونی حكومه‌ت چاره‌سه‌ر كراون كه به ته‌واوی هه‌مو پێداویستییه‌كان له‌خۆده‌گرن".
محه‌مه‌د شیاع سودانی باسی له‌وه‌شكردوه، "چاكسازی گرنگی ئابوریمان ده‌ستپێكردوه، هه‌روه‌ها سه‌رنجمان خستۆته سه‌ر كه‌رته‌كانی ئابوری، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ نه‌وت، چالاككردنی به‌شداریكردنی له ئابوری‌دا، توانیومانه ده‌ستمان بگات به 80 كاڵای دروستكراوی عێراقی كه له ئێستادا هه‌نارده ده‌كرێن".
وتیشی، "عێراق ده‌توانێت ڕێڕه‌وێكی ئابوری بێت كه خزمه‌تی بازرگانی جیهانی و وڵاتانی ناوچه‌كه بكات و ڕێگای گه‌شه‌سه‌ندنیش عێراقێكی نوێ دروست ده‌كات، ئێمه هه‌ڵوێستی عێراقمان له‌سه‌ر پرسه جۆراوجۆره‌كان و سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی سیاسی دامه‌زراندوه".
ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه، "ئێمه به ڕونی پشتگیریمان له براكانمان كردوه له لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و به‌رده‌وامیش ده‌بین".
جه‌ختیشیكردۆته‌وه، "هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت بۆچونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا ناسه‌پێنێت، ئێمه‌ش باوه‌ڕمان به هاوبه‌شی نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌یه".