بەعسییەکان لەسلێمانی بە بەشداری زاواکەی سەدام بەنهێنی کۆدەبنەوە
  2025-06-07       3109       
عیراقیەکان لەدژی گەڕانەوەی حزبە بەعس خۆپیشاندان دەکەن

بەعسییەکان بەنهێنی لەشاری سلێمانی کۆدەبنەوە بەمەبەستی زیندووکردنەوەی "شانەی رەفیق حزبییەکان"، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگەنە سەریان‌و ژمارەیەکیان لێدەستگیر دەکەن، بەڵام جەمال مستەفا عەبدوڵا ئەلسوڵتان، زاوای سەدام حوسێن، چەند ساتێک پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هەڵدێت‌و خۆی دەرباز دەکات.

 

ئاوێنە: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی شەفەقی عێراقی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا چاودێری کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەرکردەکانی حزبی بەعسیان کردووە لەشاری سلێمانی کە هەفتەیەک بووە پلانی بۆ دانراوە.

حزبی بەعس لەدوای ٢٠٠٣ەوە حزبێکی قەدەغەکراوە لەعێراقداو سەرکردەکانی هەوڵیانداوە کۆببنەوەو پێکهاتەی حزبەکە لەعێراق دابڕێژنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەکاتی گونجاودا توانیویانە بچنە شوێنی کۆبوونەوەکەو ژمارەیەک ئەندام دەستگیربکەن، لەنێویاندا بەرپرسانی ڕێکخراوی سەربازی‌و سیاسی بەعس.

بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی شەفەق، جەمال مستەفا عەبدوڵا ئەلسوڵتان ئەفسەری پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق‌و لێپرسراوی کاروباری هۆزەکان‌و هاوسەری حەلای کچی سەدام حسێن، توانیویەتی بەر لەگەیشتنی هێزە ئەمنییەکەی عێراق، هەڵبێت‌و خۆی دەرباز بکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر لەلیستی ٥٥ کەسە داواکراوەکەی عێراقدا بووەو بۆ ماوەی ١٧ ساڵ زیندانیکراو ساڵی ٢٠٢٠ ئازادکرا.

شانەکانی بەعس کە بەشێوەیەکی پەرتەوازەو ناڕێکخراو ماون، کاریگەری سیاسییان نەماوە، هەوڵدەدەن قەیرانە سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتییەکان‌و ناڕەزایی خەڵکی بەرامبەر بەنادادپەروەریی لەعێراق بقۆزنەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی پاڵپشت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی یان خزمەتگوزاری لاوازیان تیایە.

حزبی بەعس بەپێی ماددەی حەوتەمی دەستووری عێراق قەدەغەکراوەو هەر چالاکیەک یان پاڵپشتییەکی حزبەکە بەتاوان دادەنرێت‌و سەرپێچیکاران دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە حزبی دەعوە چەند رۆژێک لەمەوبەر هۆشداری دا لەهەوڵەکان بۆ ئەوەی بەعسییەکان بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن‌و رایگەیاند کە "زانیارییان هەیە کۆبوونەوەی بەعسییەکان لەهەندێک پارێزگا بەڕێوەدەچێت".

جەمال مستەفا عەبدوڵا ئەلسوڵتان، زاوای سەدام حوسێن‌و حەلای هاوسەری

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×