تەندروستی دهۆك هاوردەكردنی گۆشتی سور بۆ پارێزگاكەیان قەدەغە دەكات
  2025-06-07       125       

تەندروستیی دهۆک لە ئەمڕۆشەممەوە هاوردەکردنی مانگا و مەڕ و بزنی لە هەمو دەروازەکانی ئەو پارێزگایەوە قەدەغە کرد.

ئاوێنە: شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، تەندروستیی گشتیی دهۆک ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە قەدەغەیە هیچ مانگا و بزن و مەڕێک هاوردەی پارێزگاکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی هەمو دەروازەکانی پارێزگاکە کردوو.

بڕیارەکە لە کاتێکدایە، چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و بەپێی ڕاگەیەندراوی تەندروستی دهۆک، نەخۆشییەکە بوەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان بەگشتی.

تەندروستیی گشتیی دهۆک لەسەر بنەمای ئەو مەترسییانە، نووسراوەکەی بۆ لایەنی پەیوەندیدارەکان لە بازگەی دەروازەی شارەکان و خاڵە سنوورییەکان ناردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ڕێگەگرتن لە هاوردەکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵێکی گەورە و بچووک بۆ ناو پارێزگاکە، لەپێناو پاراستنی گیان و تەندروستیی هاووڵاتیان.

ئەو بڕیارەی تەندروستیی گشتیی دهۆک لەکاتێکدایە، ڕۆژی 10ـی 5ـی 2025، ئافرەتێکی مەڕداری دانیشتووی شاردێی شیلادزێی دەڤەری ئامێدی، کە تەمەنی 45 ساڵ بوو، بەهۆی توشبوون بەتای خوێنبەربوون گیانی سپارد، ڕۆژی 22ـی ئایاری ڕابردووش، ئافرەتێکی دیکەی مەڕدار لە شارۆچکەی ئامێدی کە تەمەنی 43 ساڵ بوو، تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوو، هەروەها ڕۆژی 3ـی حوزەیرانیش، تەندروستیی گشتیی دهۆک تووشبووێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنەربوونی لە شارەدێی بێگوڤای سەر بە شارۆچکەی باتیفا ڕاگەیاند.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×