وتەبێژی حەج و عومرە: 12ی مانگ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم دەگەڕێنەوە
  2025-06-07       147       

كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 12ی ئەم مانگە یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم لەڕێگەی وشكانییەوە دەگەڕێنەوە.

ئاوێنە: کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی، ڕێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج بەرەو کۆتایی دەچێت و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی حاجییان دەکات.

وتیشی، بەپێی خشتەیەک، ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەکاندا نەکرێت، یەکەم گەشتی ئاسمانیش بۆ گەڕاندنەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە 14ـی مانگەوە بۆ هەردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکەن.

زیاتر لە 5 هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ لە سعودیەن، كاروان ستونی وتویەتی، سەرجەمییان سەلامەتن.

کاروان ستونی ئاشکرای کرد، وڵاتی سعودیە ئەمساڵ هەمو ڕێکارێکی گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە حەجی قاچاغ و نایاسایی بکات، هیچ هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی قاچاغەوە ئەمساڵ نەچوەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×