دەم پارتی و ئاكەپە كۆبونەوە
  2025-06-07       210       

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ئەمڕۆ شەممە، وەفدێكی ئاكەپە سەردانی دەم پارتی كردو لە كۆبونەوەیەكدا جەختیان لە پشتیوانیكردنی پڕۆسەی چارەسەری كردەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، وەفدێكی ئاكەپە، بە سەرۆكایەتی رەسول كورت، سەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی حزبەكە، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی دەم پارتی كردو لەلایەن محەمەد تریاكی، یاریدەدەری هاوسەرۆكی دەم پارتی و چەند ئەندامێكی دیكەی حزبەوە پێشوازییان لێكرا.

لەمیانی سەردانەكەدا، رەسول كورت، سەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی ئاكەپە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری وتی"دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە پرسێكی زۆر گرنگە بۆ كۆمەڵگەو زۆر بایەخی پێدەدرێت، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە بكەن. هەروەها دەم پارتی پشتیوانییەكی زۆری پرۆسەكەی كردوە..ئێمە دڵخۆشین بەو رێگایەی كە یەكێتی وڵات و برایەتی بە باشترین شێوە لەخۆدەگرێت ئەوەش لەڕێگەی رێزگرتن لە مافەكانی یەكدییەوە لەچوارچێوەی یاساو یەكێتی و برایەتی."

لای خۆیشییەوە محەمەد تریاكی، یاریدەدەری هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی، هیوادارین ئەم جەژنە ئاشتی و دڵنیایی بۆ وڵاتەكەمان و ناوچەكە بهێنێت. توركیا بە قۆناغێكی مێژویی راستەقینەدا تێدەپەڕێت، خەریكە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەدرێت. هیوادارین بە هەوڵی هەمومان ئەم ئامانجە بهێنینەدی.

هەروەها وتیشی، لەمەودوا باس لە خوێن و فرمێسك و مەرگ ناكەین بەڵكو باسی بابەتی تر دەكەین. پێكەوە یاسای برایەتی دەهێنینەدی.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پڕۆسەیەكی گرنگەو لەگەڵ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەو دانانی چەك، كەشێكی نوێ دەبینین و هەمومان بەپەرۆشین و هیوادارین پڕۆسەكە سەركەوتو بێت.

هەروەها وتیشی، ئاكەپە بەرپرسیارێتییەكی گەورەتری لە بڵاوكردنەوەی ئاشتی دەكەوێتە ئەستۆ. دەبێت پێكەوە سەرتاسەری وڵات بگەڕێین و زیاتر هیوای خەڵك بەهێز بكەین.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×