ئێران: كاری دوژمنكارانە لە بنکە ئەتۆمییەکانماندا کراوە
  2025-06-07       1273       

ئێران رەتی دەکاتەوە وزەی ئەتۆم بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای سەربازی بەکاربهێنێت و دەڵێت، "بەڵگەمان لەبەردەستە سەرچاوەی ئەو گەردیلە مەترسیدارانەی لە بنکە ئەتۆمییەکاندا دۆزراونەتەوە، خراپەکاری و کاری دوژمنکارانە بوە."

ئاوێنە: ئێران لە رونكردنەوەیەكدا كە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناردوە لەبارەی راپۆرتەکەی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەكە، وتویەتی "بەگوێرەی بڕیارنامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (NPT)، پیتاندنی یۆرانیۆم 60% قەدەغە نییە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش لەژێر چاودێری و پشکنینی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان."

رونكردنەوەكەی ئێران كە ئەمڕۆ شەممە لەلایەن میدیای ئەو وڵاتەكە بڵاوكراوتەوە، تێیدا هاتوە"نەبونی هیچ بەڵگەیەک لە راپۆرتەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لەسەر بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بە مەبەستی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە، دوبارە ئاشتیخوازانەبونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێمە دەسەلمێنێت."

گرۆسی رۆژی 31ی ئایاری ئەمساڵ لە راپۆرتەكەیدا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاماژەی بەوەدابو كە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێندراوە، ئەوەش مایەی "نیگەرانیی جیدی"یە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تەنیا وڵاتە کە خاوەن چەکی ئەتۆم نییە و یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60%ی هەیە.

 ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە، "هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو وتەیە نییە کە وزەی ئەتۆم لە ئێران بۆ پەرەپێدانی توانای سەربازی یان دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێندرێت."

 ئێران داوای كردوە بەدواداچونی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە، بەگوێرەی سەرچاوەی متمانەپێکراو بێت، "نەوەک بە پشتبەستن بە زانیاریی ناڕاست کە لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئازاد یان لایەنی سێیەمی ناسراوی ئاژانس وەرگیراون."

 لە راپۆرتەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا هۆشداری لەوەش درابو کە لەکاتی پشکنینی بەشێکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "گەردیلەی مەترسیدار" دۆزراونەتەوە.

ئێران ئەوەی رەتنەكردۆتەوە و لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"ئێمە هەمو هەوڵی خۆمان داوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئەو گەردیلە مەترسیدارانە ئاشکرا بکەین کە لە بنکە ئەتۆمییەکانماندا دۆزراونەتەوە."

بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ لایەن و وڵاتێک لە راگەیەندراوەکەی ئێراندا، ئەوەش خراوەتەڕو کە بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکە هەندێک بەڵگەیان دەستکەوتوە کە پشتڕاستی دەکەنەوە، "خراپەکاری یان کاری دوژمنکارانە" هۆکاری هەبونی ئەو گەردیلە "زۆر مەترسیدارانەن" لە بنکە ئەتۆمییەکاندا.

 

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×