راپۆرتێک بە واژۆی حکومەتی هەرێمەوە بووە هۆی بڕینی مووچە
  2025-06-08       1541       

ئەو ڕاپۆرتەی بووە هۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم خۆی واژۆی کردوە و بەغدادیش داوای داهاتی سێ ساڵی فرۆشی نەوت دەکات.

ئاوێنە: میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری سەرکردەیەکی باڵای عێراقەوە بڵاویكردەوە، حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێک مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگرتوە، کە واژۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کاتێک ناوەڕاستی ساڵی رابردو گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبوو، لیژنەیەکی باڵا لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە هەولێر سەرقاڵی وردبینی لە لیست و ناو و زانیاری کەسی فەرمانبەران و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بون، دواتر ڕاپۆرتێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادەکرا و واژۆی ئەندامانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانیشی لەسەرە، بەپشت بەستن بەو ڕاپۆرتە ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگیراوە.

ڕۆژی چوار شەممەی رابردو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو راپۆرتەی بردوەتە ناو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆک بون لەسەر ئەوەی گرفتەکان لە بنچینەوە چارەسەربکرێن و تا ئەو کاتەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگیرێت.

لەبارەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە، سەرچاوەکە بۆ (KNN)ی زمانحاڵی فەرمی گۆڕان، كە وەزیری دارایی هەرێم لە پشكی ئەو حزبەیە دەڵێت: حکومەتی هەرێم بە وردی داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا کردوە، بەجۆرێک تەنها لەساڵی 2023ـدا داهاتی نەوتی لە فرۆشی نەوت، کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە و واژۆی لەسەر ئەو ڕاستی و دروست ئەو داتایانە کردوە.

باسی لەوەشکرد، عێراق هیچ لێخۆشبونێک بۆ حکومەتی هەرێم دەرناکات، داهاتی نەوتی لەو سێ ساڵەدا هەرچەند بوو، لەکۆی گشتی بودجەی سێ ساڵە دەری دەکات و بەوشێوەیەش ڕەنگە هەرێمی کوردستان قەرزار بێت.

سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە دەشڵێت: دەبێت حکومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری کۆمەڵێک داواکاری بەغدادەوە یەکێک لەوانە بەزوترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت و دەرکردنی ئەو پارەیە لە بودجە، کە لە داهاتی نەوت دەستیکەوتووە، چونکە ئێستاشی لەسەر بێت حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی ئایار، “بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دەرکردنی فەرمان سالاری بۆ خەرجکردنی مووچە، تەنها مووچەی مانگی ئایاری پێ خەرج دەکرێت”.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×