ئەمساڵ لە هەولێر قوربانیكردن زیاتر بوە لە پار
  2025-06-09       161       

بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر رایگەیاند، ئەمساڵ لە هەولێر قوربانیكردن بەڕێژەی 37.4% زیاتر بوە لە ساڵی رابردو. دەشڵێت، 15 كەس لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان و لەسەر شەقامە گشتییەكان، دەستگیركراون.

ئاوێنە: هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا تا كاتی داخستنی كوشتارگە هەزار و 461 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون، کە هەزار و 191 سەریان ئاژەڵی بچوک و 270ـیان ئاژەڵی گەورە بون.

وتیشی، ئەوەش تەنیا ئاماری سەربڕینە لەناو كوشتارگە، بەدڵنیاییەوە رێژەیەكیش لە دەرەوەی كوشتارگە و لە كوچەو كۆڵان و شەقامە گشتییەكانیش سەربڕدراوە.

هەروەها وتیشی، ئەمساڵ بەراورد بە پار قوربانیكردن لە هەولێر بەڕێژەی 37.4% زیاتر بوە.

بەقسەی هەڵمەت هەمزە ساڵی رابردو لە هەولێر 837 سەر ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا لە كوشتارگە سەربڕدراون كە 672 سەریان ئاژەڵی بچوك و 201 سەریان ئاژەڵی گەورە بون.

بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر وتیشی، ئەمساڵ لە رۆژانی جەژندا دەست بەسەر 123 سەر ئاژەڵدا گیراوە كە یەكێكیان ئاژەڵی گەورە بوەو 15 كەسیش دەستگیركراون كە هەڵسابون بە سەربڕینی ئاژەڵ لە گۆڕەپانی فرۆشتنی ئاژەڵان و لە شەقامە گشتییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×