2025-06-10   634     
به‌گوێره‌ى میدیاى نزیك له‌پارتى، په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکردوەو پێنج دادوەرەکەی دادگای فیدراڵیش دەگەڕێنەوە، بەئەگەرێکی زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیار لەچارەنوسی موچە دەدرێت".
ئاوێنە: زیاتر له10 ڕۆژ لەمانگی حوزەیران تێپەڕیوە، تائێستا موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە، لەسەر ئەو پرسە چەند فەرمانبەرێکی هەرێم سکاڵایان لەدادگای فیدراڵیی عێراق تۆمارکردوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی ڕێژەی یاسایی دادوەران بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.
له‌وباره‌یه‌وه شوان کەلاری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی ڕایگه‌یاندوه، "گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکردوە، بەئەگەرێکی زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادوەران دەگەڕێنەوەو ڕێژەی یاسایی تەواو دەبێت‌و بڕیار لەبارەی چارەنوسی موچە دەدرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسى له‌وه‌شكردوه، بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی كه 28ى مانگى ڕابردوو ده‌ریكرد بۆ ڕاگرتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، تەواو پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی‌و یاسای بودجەو دەستورو ڕێککەوتنی سێ مانگ پێش ئێستایە.
پێشتریش ئه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا، مانگی یەکى ئه‌مساڵ ڕێککەوتنێك له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تى دارایی هەرێم‌و عێراق كرا‌و هه‌ردولا ڕازیبون لەسەر هەموو شتێک، بەڵام وه‌كو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پارتى وتویه‌تى، "ئەم بابەتە سیاسییە، وەزارەتی دارایی بەفشار کردویەتی، بۆ ڕێگری‌کردن لەپێشکەوتنی هەرێم".
هه‌روه‌ك هۆشداریداوه‌و ڕایگه‌یاندوه، "هەرێم کارتی فشارى زۆرە، ئەگەر عێراق بەردەوامبێت لەسەر ئەو هەڵەیەو بەردەوامبێت لەجینۆسایدی ئابوری لەسەر هەرێم، هیچ رێگەیەک هێڵی سوور نییە هەموو کارتێکی گوشار بەکاردەهێنین وەکو بایکۆت، هەڵوێست وەرگرتن، کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەنانەت کارتی ریفراندۆمیش."
ئەو پێنج دادوەرەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لەسعودییەن، یەکێک لەوان سەرۆکی دادگاكه‌یه، پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى دادگاكه‌ش نۆ دادوەری سەرەکی هەیە، پەیڕەوی ناوخۆكه‌شى ده‌ڵێت، پێویستە هەر نۆ دادوەرەکە ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاریی‌و سکاڵایەک.