شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئومێدەوارن هەفتەی داهاتو، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا وتی، هەر لە سەرەتاو لە هەفتەی یەكەمی پێش جەژنەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییان كردو پرسیاریی دۆخی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان كرد.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتیشی، ئەو قەیرانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە قەیرانێكی دروستكراوەو؛ بەئەنقەست برسیكردنی خەڵكی كوردستان بابەتێكە كە هەمو لایەك لەسەری هاتوەتە جواب.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ئومێدەوارین لە چەند رۆژی داهاتودا (سەرەتای هەفتەی ئایندە) لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیار لەسەر ناردنەوەی موچەی هەرێم بدرێت، هەفتەی پێش جەژن رێكارە یاساییەكانمان تەواو كردون و ئەو فەرمانبەرە بەڕێزانە گەیشتنە دادگاو سكاڵایان تۆمار كرد.
شاخەوان عەبدوڵا هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەوەی رێگربو لەسەر ئەوەی دادگای فیدراڵی دانیشتنەكەی سازبدات ئەوە بو 4 دادوەری یەدەگمان هەیە، دو دادوەری كوردیش هاتن هێشتا نەتوانرا رێژەی یاسایی پێكبێت.