تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ بۆ دوای هەڵبژاردنی عێراق ئاشکراکرا
  2025-06-10       409       

بەپێی وتەی ئەیوب روبەیعی پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکی بەرچاو دەبێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێدەچێت بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر دوابخرێت بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەیوب ڕوبەیعی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق ماڵپەڕی "ئەلمەعلومەی" ڕاگەیاند، "بڕیاربوو خشتەی بودجەی ساڵی 2025 بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی ئەو کاتەی کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی یەک یان سەرەتای مانگی شوباتدا بێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران نزیک دەبینەوە، واتە هێشتا لەچوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیران یەکلایی نەکراوەتەوە".

روبەیعی وتیشی "هەموو ئاماژەکان ئاماژەن بۆ پەسەندنەکردنی بودجە پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025".

لەبارەی هۆکارەکانەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە دواکەوتنی بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەوڵی هەندێک لایەن بۆ "ئیستغلالکردنی پارە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، یان بۆ بوونی حیساباتی تەکنیکی ئاڵۆز لەناو وەزارەتی دارایی لەنێو قەیرانی داهاتی ئێستادا".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە "ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر بودجەی دامەزراوەکاندا سەپێنراون و ڕاگرتنی زۆرێک لە پڕۆژەکان، قەبارەی قەیرانەکە دەردەخەن، ئەمەش ئەو ئاستەنگە بەرچاوانە ڕوون دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی حکومەت دەبێتەوە لە پەسەندکردنی بودجەدا".

ئەو زیاتری رونکردەوە و دەشڵێت "ئەمەش وا دەکات تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، و ڕەنگە لەلایەن حکومەتی داهاتووەوە بڕیاری لەسەر بدرێت".

پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە "پەسەندنەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ کاردانەوەی نەرێنی زۆری هەیە، دیارترینیان دواخستنی بودجەی پڕۆژەکان، پەکخستنی خەرجکردنی باجەکان بۆ بەشە گرنگەکان، و زەحمەتکردنی دەستەبەرکردنی نەختینەیی پێویست بۆ وەزارەتەکان و دەزگاکانی حکومەت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×