کاوە محەمەد بۆ ئاوێنە: کارتەکانی پارتی بەرامبەر بەغدا هەمووی سوتاوە و هەڕەشەکانی سەر ناگرێت
  2025-06-10       684       

تا دێت گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت، بەجۆرێک هەرێم هەڕەشەی کارتی فشار بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکات، کە کارتەکانی ریفراندۆم و کشانەوەی هەرێمە لەبەغدا و بایکۆتی هەڵبژاردنە، لەبەرامبەردا ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دوو رێگا چارە بۆ ئەو کێشەیە بۆ ئاوێنە دەخاتە روو، پاشان دەشڵێت "کارتەکانی هەرێم هەمووی سفرە".

ئاوێنە: کاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەوبارەیەوە بە ئاوێنەی راگەیاند "هیوام دەخواست هەرێمی کوردستان خاوەنی کارتی زۆر بەهێز بێت لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر بەکاریبهێنێت، بەڵام گەر کەمێک لە سیاسەت بزانیت و شیکردنەوەی بۆ بکەیت؛ هیچ کارتێکی فشار بەدەست کوردەوە نەماوە و لەدەست خۆیانیان نەهێشتووە".

دەربارەی کارتەکانی دەست پارتی کە بەنیازە بەرامبەر فیدڕاڵ بەرزی بکاتەوە، کاوە محەمەد ئاماژە بەوە دەکات، کە کارتی ریفراندۆمە و "کارتێکی سوتاوە، چونکە لەکاتێکی زۆر خراپ ئەنجامدرا ئەوەش بووە هۆی لەدەستدانی لەسەدا ٥١ی خاکی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا".

ناوبراو وتیشی "لەرووی ئابورییشەوە هەرێم نەوتی سەربەخۆی لە ٢٠١٤ەوە تاوەکو ٢٠٢٣ فرۆشت و نەیانتوانی کێشەی مووچەی پێ چارەسەر بکات، تەنانەت ژێرخانی ئابووریشی لەژێر پێی خۆی ناتوانێت بوەستێت، لەرووی هێزی چەکدارییشەوە نەیانتوانیوە هێزی پێشمەرگەوە یەکبخات".

لەلایەکی دیکەشەوە ئەو پەرلەمانتارەیە پێیوایە، لەرووی دامەزراوەکانیشەوە هەرێم بەهێز نییە و حکومەتەکەی "کاربەڕێکەرە و تەنانەت پەیوەندی هێز و لایەنەکانیشی خراپە".

بەوتەی کاوە محەمەد "ئەمانە وایکردووە هەرێم نەک کارتی بەدەستەوە نەمێنێت، بەڵکو لەخوار سفریشەوە حسابی بۆ دەکرێت، بۆیە هەرێم ناتوانێت هەڕەشەکانی جێبەجێبکات. یان کشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردن و لە عێراق کارتێکی بەهێز نییە. ئەگەریش لە حکومەتی عێراق دەکشێنەوە بەچ شێوەیەک بژێوی خەڵک دابیندەکەن. هەرچەندە داهاتی نەوتی قاچاخیان هەیە لەداهاتی ناوخۆ کە رادەستی بەغدای ناکەن".

لەبارەی ئەوەی رێگا چارەسەرەکان چین بۆ ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا؟ ئەو دەڵێت "هەرچەندە ئۆپشنی چارەسەرەکان کەمبووەتەوە، بەڵام دوو رێگا چارە هەیە ئەویش؛ داهاتی نانەوتی بە فعلی رادەست بکرێت، وە داهاتی نەوتییەکەش لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، خاڵێکی دیکە هەرێم مووچە تەوتین بکات".

کاوە محەمەد زیاتر ئاشکرا دەکات و دەشڵێت "خاڵێکی دیکەش هەیە کە پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە ئەویش بۆ دابینکردنی پارە لەهەرێمی کوردستان "مەقاسە" بکات؛ کەلە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و کازمی دەکرا، ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە هەیە بۆ ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان لێی ببڕێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بینێرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×