رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا زیان بە كۆمەڵگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز گەیشتوە و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە ئاستی زیانەكان دەكرێت.
ئاوێنە: رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، چەند زیانێك بە بەشە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز لە ئەسفەهان گەیشتوە و لە ئێستا لێكۆڵینەوە لەبارەی ئاستی زیانەكان دەكرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، تاوەكو ئێستا زانیارییەكان باس لە بونی گیانلەدەستدان لەنێو كارمەندان و هێزەكانی جێگیر لەو كۆمەڵگەی یۆرانیۆمی نەتەنز ناكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتوە كە هیچ جۆرە ئالودەبونێكی تیشكی و كیمیایی دزەی نەكردۆتە دەرەوەی كۆمەڵگەكە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێرشەكەی ئیسرائیل پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە لەوانەش بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جەختیشی كردۆتەوە كە هاوكات لەگەڵ فشارە سیاسییەكاندا ئەم فشارە سەربازییانەش هیچ كەلێنێك لە ئیرادەی زانایان و پسپۆڕان و كارمەندانی ئێرانی لە بواری پیشەسازی ئەتۆمیدا دروست ناكەن و بە هەوڵی زیاترەوە كاردەكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەسازیی ئەتۆمی لە ئێران.