عراقچی: دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
  2025-06-21       256       

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەكاتەوە كە پیتاندنی یۆرانیۆم ناوەستێنن و دەشڵێت، رەنگە ئەمریكا دانوستانی وەك روپۆشێك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بەكارهێنابێت، تا هێرشەكان بەردەوام بن دانوستان ناكەین.

ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی نیوز رایگەیاند، رەنگە ئەم پلانەیان لە خەیاڵدا بوبێت و تەنیا پێویستیان بە دانوستان هەبووبێت بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشەكان،  نازانین چۆن لە ئێستا بەداوەوە متمانەمان بە ئەمریكا هەبێت، ئەوەی ئەوان کردیان لەڕاستیدا باپاكی دیپلۆماسی بو.

عراقچی، ئاماژەی بەوەشکرد: وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان، بەمەرجی ئەوەی سەرەتا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران بوەستێنێت، جەختیشكردەوە: ئامادەنین چیتر دانوستان بکەن، هەتا هێرشەكان بەردەوام بن.

وەزیری ئێران باسی لەوەشكرد: ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، وەک ئەوەی ترامپ داوای کردوە، ئەمەشی بە رونی بە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا راگەیاندوە.

لەوبارەیەوە وتی: چەند جارێك ئەمەم وتوە، سفركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم مەحاڵە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×