پارێزەرێکی کەیسی مووچە بۆ ئاوێنە: دادگای فیدڕاڵی ئیفلیج بووە و بەمەش مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی دەخاتە مەترسییەوە
  2025-06-21       259       

پارێزەری کەیسی مووچەخۆرانی هەرێم لەبەغدا باس لەوە دەکات کە دادگای فیدراڵی "ئیفلیج" بووە و بەوەیش چارەنوسی بڕیاری فەرامانسالارییەکە نادیارە، دەشڵێت "گەر دەستلەکارکێشانەوەکە قبوڵبکرێت بۆ دەستبەکاربوونی دادوەری نوێ؛ زیاتر لە مانگێکی دەوێت و مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی دەخاتە مەترسییەوە".

 

ئاوێنە: بەکر حمەسدیق، پارێزەری کەیسی مووچەخۆرانی هەرێم لەبەغدا لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "ئەم دادگایە پێکهاتووە لە سەرۆکێک و جێگرێک و حەوت ئەندامی سەرەکی، زۆرجار بڕیار بە زۆرینە دەردەچێت و هەندێکجاریش بە رێککەوتن، ئەوەی ئێستا روویداوە شەش کەس دەستی لەکارکێشاوەتەوە و سیان سەرەکی و سیانیش یەدەگ".

وتیشی "دادگاکە چوار ئەندامی یەدەگی هەیە، ئەو کەسانەی دەبن بەدادوەر وەکو قازییە و دەبێت بەلایەنی کەمەوە ١٥ ساڵیان لە خزمەتی قەزادا تەواو کردبێت و لە قازی سنفی یەکەم بن".

سەبارەت بە چارەنوسی دادگاکەش، ئەو پارێزەرە ئاشکرای دەکات کە ئەگەر دەست لەکار کێشانەوەیان رەزامەندی لەسەر بدرێت "نیسابی یاسایی دادگاکە تێکدەچێت" و بە قازی دیکە پڕدەکرێتەوە. دەشڵێت "دادگاکە ئێستا ئیفلیجە تاوەکو پڕیش نەکرێتەوە ناتوانرێت هیچ بڕیارێک بدات".

بەکر حەمەسدیق ئاسۆی ناروونی بڕیاری فەرمانسالارییەکە دەخاتە روو و دەڵێت، ئەو بڕیارەش چارەنوسی نادیارە و هەفتەی داهاتووش یەکلایی نابێتەوە، بەڵام بەوتەی نابراو "فەرمانسالارییەکە هەڵناوەشێتەوە و وەکو خۆی دەمێنێتەوە، یاخود ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێت بەبێ دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی هەڵبوەشێنێتەوە یاخود وەزارەتی دارایی بیکشێنێتەوە".

پارێزەر بەکر حەمەسدیق جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر دادگاکە کۆببێتەوە بڕیارەکەی تەیف سامی دەوەستێنێت، چونکە "بنەمای نییە".

سەبارەت بەوەی تاچەند راستە گەر سکاڵاکەی فەرمانبەران ماوەی ٤٨ کاتژمێرە فەرمانسالاری بۆ دەرنەکرێت؛ بەسەردەچێت؟ ئەو پارێزەرەیە وتی "نەخێر، کاتێک کە جەلسە دادەنرێت فەرزە دادگا یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دادگای باڵا تەشکلیلاتی نییە".

پەیوەست بە ماوەی دەستبەکاربوونی دادوەری نوێش، ئەو رونیکردەوە "کاتیک ناوەکان بۆ دادوەری بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆک کۆمار، دەبێت لەماوەی ١٥ رۆژدا متمانەی پێبدات و بینێرێتەوە بۆ دادگای فیدراڵی، ئەوەیش زیاتر لە مانگێکی پێدەچێت تاوەکو راستەوخۆ کارەکانی دادگای فیدراكی دەستپێدەکەنەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×