دەزگا ئەمنیەكانی ئیسرائیل، دەستگیركردنی خوێندکارێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی ئەمنی و سیخوڕیکردن بۆ ئێران ڕاگەیاند و خوێندكارەكە تۆمەتباركراوە بەوەی چەند مانگێکە لەگەڵ بریکارێکی ئێرانی پەیوەندی هەبوە و چالاکیی "دژە ئەمنی" ئەنجامداوە.
ئاوێنە: ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) و پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو خوێندکارە لە زانکۆی بن گوریون لەشاری بئرشبعی باشوری ئیسرائیل، سیستەمی زانیاری دەیخوێند و خەڵکی گوندی دێر ئەسەد لە باکوری ئیسرائیلە کە زمانی عەرەبی دەزانێت.
بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، تۆمەتبارەکە لە مانگی (حوزەیران/6) دەستگیرکراوە و بڕیارە لە دادگا تۆمەتبار بکرێت بە چەند كارێكی سیخوڕی. بەڵام هێشتا دیار نییە پێش شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستگیرکراوە یان لە کاتی شەڕەكەدا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو خوێندکارە تۆمەتبارە بەوەی چەند مانگێکە لەگەڵ بریکارێکی ئێرانی پەیوەندی هەبوە. بە وتەی کاربەدەستانی ئیسرائیلی، لە بەرامبەر پارە و بە ڕێنمایی سەرچاوە ئێرانییەکەی، چالاکیی "دژە ئەمنیەتی" ئەنجامداوە.
ئەو کارانە بریتی بون لە هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە خەڵک، بڵاوکردنەوەی بزمار لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی لە بئرشبع و هاندانی توندوتیژی. میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە بانگەشەی ئەوەی کردوە کە ئەو کارانەی بۆ هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە.