بۆچی سلێمانی هەر سلێمانییە؟!
  2025-07-24       956       

هێمن مەحمود

 

شار بەرهەمی مێژووە، یاخود بە واتایەکی تر ئەگەر تۆ بتەوێ بەدوای شارێکدا بگەڕێی جووڵەی سیاسی و هونەری و ئەدەبی و ژیاریی هەبێ دەبێت بڕۆیتە ئەو شارانەی مێژوویان لەو بوارەدا هەبووە، یانی ڕەنگە ئەستەم بێت شارێک بدۆزیتەوە لە مێژوودا جووڵەی نەبووبێ ئێستا مێژوو دروست بکات.

تۆ سەیری دوبەی و مەنامە و شارەکانی دیکەی کەنداو بکە، چەندە باڵەخانەکانیان بەرزتربێ و شەقامەکانیان پانتر و فڕۆکەخانەکانیان گەورەتربێت هێشتا شارگەلێکی بێ ڕۆح و بێ داهێنان و بێ داهێنەرانن چونکە مێژوویان نییە، چەند کەس ناوی ڕۆماننووسێکی ئیماراتی، نووسەرێکی بەحرەینی. گۆرانیبێژێکی قەتەری دەزانێت؟

لە کوردستاندا سلێمانی شارێکی بێ ڕکابەرە لە جووڵەی بەردەوامی سیاسی و هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیرییدا، سلێمانی شارێکە بەردەوام بە بیری نوێ خۆی گەنج دەکاتەوە و بزاوتی تازە تێیدا سەرهەڵدەدەن و ناهێڵن پیر ببێت.

لەم ساڵانەی دواییدا هەرچەندە زۆر هەوڵ درا سلێمانی لە پەراوێزدا بهێڵرێتەوە و لەڕووی ئابوورییەوە بخنکێنرێت و بچووکتر بکرێتەوە و لە ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری دوور بخرێتەوە، بەڵام هەمیشە ئەم شارە بە جووڵەیەکی چاوەڕواننەکراو دووبارە دێتەوە ناو مێژوو، ئاخر چونکە ئەم شارە مێژووی هەیە لە هونەری دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو مێژوو زۆر شارەزایە.

لەم ڕۆژانە لە کتێبخانەکەم ئەم کتێبەم دۆزییەوە (سلێمانی شارە گەشاوەکەم- لە ڕۆژی بنیاتنانیەوە تا کۆتایی دەسەڵاتی بابانەکان/ بەرگی یەکەم) کە لە نووسینی جەمال بابانە و ساڵی 1993 لە بەغدا چاپکراوە.

نووسەر دەڵێت بۆ ماوەی چل ساڵ کەرەستەی بۆ نووسینی کۆ کردووەتەوە و ئەو کاتانەشی مودیر ناحیە بووە لە شارۆچکەیەک بەردەوام نامەی بۆ کەسایەتی و شارەزایان و نووسەران ناردووە و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی کۆ کردووەتەوە و پرۆژەی کتێبەکەی پێ دەوڵەمەند کردووە.

کتێبەکە زۆر بە پوختی و وردی باسی لە جوگرافیای شارەکە و دروستکردنی سەرەتای شارەکە و لایەنی کەش و هەوا و ڕووداوە مێژووییەکانی شارەکە کراوە، هاوکات باسی هۆیەکانی لەناوچوونی ئەمارەتی بابانەکانیش کراوە و کەسایەتییەکانی بە خوێنەر ناسێنراوە.

لە باسی هۆیەکانی دروستکردنی شاری سلێمانیدا، نووسەر قەسیدەیەکی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەخاتە ڕوو کە بۆ برایم پاشای بابان نووسیویەتی و لە بەشێکیدا دەڵێت:

پاشا کوڕەکەی ناو نا سڵێمان

هەردو لەڕێی هەردو جیهان دوو چران

ڕەغبەتی وا داوە بە ئەربابی شەرع

ئەرض و سەمایەکە بە ئەصل و بەفەرع

ناوی بە ناوێکەوەیە هاونیشان

ئاگری نەمروود بوەت گوڵستان

نووسەر دەڵێت ساڵی 1868 ژمارەی خێزانەکانی سلێمانی بە 6045 خێزان دادەنێت کە 6 هەزاریان موسڵمان بوون و 30 خێزانی مەسیحی و 15 خێزانی جووبوون.

هەروەها دەڵێت بەهۆی شەڕی جیهانی یەکەم و برسێتییەوە ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە 40 هەزار کەسەوە هاتە سەر 9 هەزار کەس، دوای چۆڵکردنی شارەکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە و هاتنی ئینگلیز و دەستپێکردنی شۆڕشەکانی شێخ مەحموود (1920) ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لە 10 هەزار کەس تێپەڕی نەدەکرد، واتە گەڕایەوە بۆ پێش سەد ساڵ (1820) وەک ئەوەی مستەر ڕیچ لە کتێبەکەیدا گەشتەکەی ڕیچ بۆ سلێمانی دانیشتوانەکەی بە 10 هەزار کەس مەزەندە دەکات.

نووسەری کتێبەکە زۆر بە وردی باسی بابانەکان و ململانێی نێوان سەرکردەکانیان و هۆیەکانی ڕووخانی میرنشینەکە دەکات و پێی وایە هەڵکەوتەی جوگرافی سلێمانی وای کردووە هەمیشە ئێران دەستوەردانی تێدا بکات و لەشکر بنێرێت و پیاوخراپ و بە کرێگیراو بکاتە ئەمدیوا بۆ زیانگەیاندن، هاوکات سیاسەتی دوو ڕوویی والیەکانی عوسمانی لە بەغدا کە هەر ڕۆژە و بەلای میرێکدا دایاندەتاشی، هەروەها ناپاکی و خۆ خۆشویستنی هەندێک لە میرەکانی بابان و چاوبڕینە کورسی و خۆگەیاندنە دەسەڵات، پێکهێنانی لەشکری بەهێز و ڕێکوپێک و پڕچەککراو بە چەکی نوێ و هێنانی پسپۆڕ لە فەرەنساوە بۆ دامەزراندنی جبەخانە لە سەردەمی ئەوڕەحمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕەزایا کە دوا میری بابان بوو ئەمە عوسمانییەکانی وریا کردەوە و لەوە سڵەمینەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لێیان جیا ببنەوە و دەرەقەتیان نەیەن.

لە کتێبەکەدا بە درێژی باسی قەسیدەکەی سالم کراوە کە باس لە کوژانەوەی چرای بابانەکان و شەڕەکە و شەهیدبوونی عەزیز بەگی بابان دەکات.

لێم گەڕێن با گۆشەگیربم، دەستە ئەژنۆ کەف زەنان

گێژەڵووکەی بای نەدامەت، تاری کرد صفحەی جیهان..

دواتر باسی چامەکەی نالی و سالم بۆ یەکتری کراوە و شیکراوەتەوە کە شایەتی بۆ مێژووییەکی غەمگین و نەهامەتی و ناخۆشی شارەکە دەدات.

نالی لە غوربەتەوە دەنووسێت:

ئایا مەجالی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە

یا مەسڵەحەت تەوەقوفە تا یەومی نەفخی سوور

سالمیش دەڵێت:

لە ساوە حاکمی بەبە دەربەدەر کران

نەیدیوە کەس لە چێهرەی کەس جەوهەری هونەر

هەروەها دەڵێت:

توخوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم

بەم نەوعە قەت نەکا بە سولەیمانی یاگوزەر.....

کتێبەکە زۆر ناوازە و تایبەتە، حەق وایە لە تەواوی خوێندنگەکانی سلێمانیدا بخوێنرێت تا ئەوانەی خەڵکی ئەو شارەن بزانن شارەکەیان چی مێژوویەکی هەبووە و بۆچی بە درێژایی زەمەن سلێمانی ناکەوێت و سلێمانی هەر سلێمانییە و هەر بە سلێمانیش دەمێنێتەوە..

بەڵام بەداخەوە وەک سالم دەڵێت:

(سالم) سیفەت لە بێ کەسی یا با نەبێ هیلاک

من کردم ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر....!!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×