ئا: ئاوێنە
زیاد رەحبانی، هونەرمەندی گەورەی لوبنانی، کە دوێنێ لەتەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، یەکێك بوو لەو هونەرمەندانەی کە داوای مافی کوردو سڕینەوەی وشەی "تستكردني" لەفەرهەنگی عەرەبیدا کردووەو سەرسامی خۆیشی بەرامبەر بە"ساز"ی کوردی دەرىڕیوە.
زیاد رەحبانی، کوڕی هونەرمەندانی ئەفسانەیی لوبنان (فەیروزو عاسی رەحبانی)، ساڵی ١٩٩٠ ، لەئەلبومی "العقل زينة"دا لەتراکێکدا بەناوی "هەڤاڵی کورد - الرفيق الكردي"، پشتیوانی خۆی بۆ مافی کورد دەردەبڕیتو داوا دەکات وشەی "تستكردني" لەفەرهەنگی زمانی میللی لوبنانو شامدا بسڕێتەوە.
"تستكردني"، ئیدیۆمیەکە عەرەبەکانی لوبنانو سوریا لەکوچەو بازاڕو قسەی رۆژانەیاندا بەکاریدەهێننو لەبری ئەوەی بڵێن "ئەمگێلێنی، یاخود ئەمگەمژێنی"، دەڵێن "ئەمکەیت بەکورد، یان ئەمکوردێنیت"!
زیاد رەحبانی، داوا دەکات کوردی لوبنان وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی لوبنانی بەیەکسانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێتو مافەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت، رەخنە لەسەرۆکەکانی حکومەتی لوبنان دەگرێت کە رێزیان لەمافی هاوڵاتیبوون بۆ کورد نەگرتووە.
رەخنەش لەپارتە چەپەکانو سەرکردەکانیان دەگرێت کە هێشتا بەکارهێنانی دەستەواژەی "هەڤاڵ" بۆ کورد بەڕەوا نابینن.
زیاد لەچەند چاوپێکەوتنێکیشیدا سەرسامی خۆی بەرامبەر بەئامێری "ساز" دەربڕیوەو لەچەند گۆرانیو شانۆگەرییەکی خۆیدا بەکاریهێناوە، ئەو دەڵێت "هەرچەندە تورکەکانیش لەسازژەنیندا لێزان بن، بەڵام ساز ئامێرێکی نیشتمانیو رەسەنی کوردییەو کورد لەسازژەنیندا باڵادەسترن".
زیاد رەحبانی کێیە؟
زیاد داهێنەرێکی گەورەی لوبنانییە، ئاوازدانەر بوو، شانۆکار بوو، دەرهێنەو نوسەرێکی ناودار بوو، کە هەمیشە لەبەرەی داکۆکیکردن لەخەڵکدا بووەو رەخنەی لەدەسەڵاتی ولاتەکەی گرتووە.
زیاد لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ لەدایکبووە، خێزانەکەی ناودارترین خێزانی هونەری لوبنانو جیهانی عەرەب بوون، هونەرمەندی گەورە "فەیروز" دایکیەتیو عاسی رەحبانی کە بەپێشەنگی هونەری شانۆ دادەنرێت لەلوبناندا، باوکیەتی.
بەڵام زیاد خۆی بەدرێژکراوەی ئەوان نەدەزانی، لەبەرئەوەی کەسێکی داهێنەر بوو. لەساڵی ١٩٧٣دا، لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا، یەکەم ئاوازی بۆ دایکی، فەیروز، دانا، کە ئاوازی گۆرانی "سألوني الناس" بوو، پاشان بووە ئاوازدانەری بەشێک لەجوانترین گۆرانیەکانی فەیروز.
وەک ئەکتەر یەکەم دەرکەوتنی لەسەر شانۆ لەشانۆگەریی "المحطة" بوو، پاشان چەندین شانۆگەری "سهرية"، "فيلم أميركي طويل"، "شي فاشل"، "بالنسبة لبكرا شو"ی نووسی کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبوو.
زیاد، کە سەر بەتایفەی رۆمی ئەرسەزۆکس بوو، هەڵگری بیروباوەڕی چەپو ئەندامی حزبی شیوعی لوبنانی بوو.
زیاد، بەڤایرۆسی جگەر، کۆچی دوایی کرد.