رۆژانە چەند لیتر ئاو بەکاردەھێنیت؟
  2025-08-07       888       

ئا: ئاوێنە

 

رەنگە ژمارەی ئەو کەسانە زۆر کەم بن کە بەوردی بیریان لەوە کردبێتەوە ئێمە رۆژانە بۆ ئامادە کردنی ژەمە خواردنێکی بەیانیان یان نانخواردنێکی نیوەڕوان یاخود ئێواران چەند لیتر ئاومان پێویستە! بەدەگمەن کەسێک شک دەبەین کە بەدروستی درکی بەوە کردبێت کە ھەر ژەمە خواردنێکمان نزیکەی 1100 لیتر ئاوی تێدەچێت!

 

تۆنی ئالن لەکتێبەکەیدا "ئاو بەنرخترین سەرمایەی ئەم ھەسارەیە"، پرسیارێک دەورژێنێت کە زۆر دەگمەنن ئەوانەی وەڵامەکەی دەزانن، چونکە زۆربەمان کەمترین ھوشیاری‌و زانیاریمان دەربارەی قەبارەی گشتی ئەو ئاوە ھەیە کە رۆژانە بەکاریدەھێنین، ئێمە خوومان بەزیاد بەکارھێنانی ئاوەوە گرتوەو لەھەمانکاتیشدا پەی بەگرنگی‌‌و بەنرخی نابەین، پرسیارەکە "تۆنی ئالن" ئەمەیە:

رۆژانە چەند ئاوی (مەجازی) لەژەمی بەیانیاندا بەکاردەھێنێت؟

رەنگە وا بیرکەیتەوە کە پەرداخێک ئاو بەکاردەھێنیت! ئەویش بۆ ئامادەکردنی چا یان شیرو قاوەیەک!

گوایە تەنھا لەڕوی تەکنیکییەوە بڕێک ئاوت لەوانەدا بەکارھێناوە، سەرەنجام وا دەردەکەوێت کە بۆ ئامادەکردنی ژەمە خواردنی بەیانیان نیو لیتر ئاوت بەکارھێناوە.

ئایا ئەمە راستە؟!

وەرن کەمێک وردتر لەمە بڕوانین‌‌و ژەمە خواردنێکی بەیانیانی ئاسایی وەربگرین کە پیاڵەیەک چا یان فنجانێک قاوە یان شیر، نانێک، ھێلکەیەک یان ھەمبەرگرێک، رەنگە میوەیەکیشی لەگەڵ بخورێت.

دەبێت ئەوە نادیدە نەگریت کە بۆ ئامادەکردنی ئەم خواردنانە چەند ئاوی راستەقینە بەکارھێنراوە، با بەقاوەکە دەستپێبکەین، رەنگە بڵێیت من حەزم لەقاوەی خەستە‌‌و ئاوی کەمتر دەوێت! بەڵام ئەگەر بەئێوە بڵێم کە ھەر فنجانە قاوەیەک کە دەیخۆنەوە ١٤٠ لیتر ئاوی تیا بەکارھێنراوە، چی دەڵێن؟

بەڵێ ١٤٠ لیتر!

رەنگە وا بیرکەیتەوە کە قسەی گۆترو بێ سەرەوبەرە دەکەم، بەڵام بڕی ئاوی راستەقینە کە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فنجانە قاوەیەی ئێوە سەرف کراوە ئەوەندەیە.

مەبەست لەئاوی مەجازی‌و راستەقینەی بەکارھێنراو لەقاوەکەدا، ئەو بڕە ئاوەیە کە بۆ چاندن‌‌و بەرھەمھێنان، کۆکردنەوەو ھەڵگرتن‌‌و گواستنەوەی قاوەکە بەکارھێنراوە.

ئەمە نمونەیەکی سادەیە کە دەریدەخات مەبەستمان لە"ئاوی مەجازی‌و راستەقینە"ی بەکارھێنراو لەھەر شتێکدا چییە.

بەدڵنیایی ئێستا ھەر یەک لەئێوەش کۆکن لەسەر ئەوەی بڕی ئاوی راستەقینەی بەکارھێنراو زۆر زیاترە لەو بڕەی کە پێشتر بیرتان لێدەکردەوە، بەڵام ئەمە تەنھا مشتێکە لەخەروارێکی ئاوی مەجازی‌و راستەقینە کە لەژەمە خواردنەکانتاندا بەکاریدەھێنن.

بۆ ئامادەکردنی ھەر نانێک ٤٠ لیتر ئاو پێویستە.

بۆ بەرەھەمھێنانی ھەر سێوێک ٧٠ لیتر ئاو پێویستە.

بۆ ھەر ھێلکەیەک ١٢٠ لیتر ئاو.

پەرداخێک شیر ٢٤٠ لیتر ئاو.

بۆ ھەر ھەمبەرگەرێک یان پارچەیەک گۆشت ٤٨٠ لیتر ئاو پێویستە.

کەواتە زۆرجار بۆ ئامادەکردنی ژەمە خواردنێک ١١٠٠ لیتر ئاو پێویستە، واتە کەمێک زیاتر لەمەترێک چوارگۆشە ئاو.

ئەگەر دیمەنی مەترێک چوار گۆشە ئاو بەلاتانەوە دژوارە، ئەوا پێنج بەرمیل‌‌و نیو ئاو لەبەرچاو بگرن، کە بۆ ئامادەکردنی ژەمە خواردنێکتان پێویستە.

ئەم پێنج بەرمیلە کە لەبەرھەمھێنانی ھەر ژەمە خواردنێکی ئێوەدا بەکاردەھێنرێت، زیاتر لەبەروبومە پەلەوەری‌‌و ئاژەڵییەکاندا سەرف دەکرێت، واتە بەروبومەکانی وەک شیر‌‌و ھێڵکەو گۆشت، لەبەرئەوە گۆشتخۆرەکان زیاتر لەگۆشت نەخۆرەکان ئاو سەرف دەکەن.

تۆنی ئالن ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی کەسانی گۆشتخۆر رۆژانە بۆ بەرھەمھێنانی ئەو خۆراکانەی دەیخۆن پێنج مەتر چوارگۆشە ئاویان پێویستە.

 تۆنی ئالن ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوی خواردنەوە بەشێکی بچوک لەئاوی بەکارھێنانی ئێمە پێکدەھێنێت، ئاوی واقیعی بەکارھاتوو بۆ بەرھەمھێنانی خۆراکی ئێمە ھەمیشە نەبینراوە، بۆ بەرھەمھێنانی ھەر تەنێک دانەوێڵە پێویستمان بە ١٠٠٠ تەن ئاوە، بۆ بەرھەمھێنانی تەنێک گۆشتی گا پێویستمان بە ١٦٠٠٠ تەن ئاوە.

کەواتە ئەو ئاوەی رۆژانە بۆ خواردنەوە بەکاردەھێنرێت، بەشێکی زۆر کەمە لەو ئاوە واقیعی‌‌و راستەقینەیەی کە بەکاردەھێنرێت، ئاو تەنھا بۆ خواردنەوە نییە، ئاو بۆ ژیانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×