د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
گازی ڕادۆن (Rn Radon,) لەلای زۆرینەی خوێنەران ناسراوە و دەزانن، کە یەکێکە لە کۆمەڵەی توخمە گازییە ناچالاکەکان ( Noble gases ) کە بە خانەدانەکانیش دەناسرێن و گازێکی سروشتیی تیشکدەرە و نەبینراوە و بێ بۆن و بێ تامە و لەئەنجامی شیبوونەوەی توخمی یۆرانیۆم و ثۆریۆم و ڕادیۆمی ناو بەرد و خاکەوە بەرهەمدێت (١). ئەم توخمە لە ڕاستیدا بە ڕایدۆن دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەناو کورددا بووە بە ڕادۆن و بڵاوبووەتەوە، کە سەرچاوەی ناوەکە لە توخمی تیشکنی ڕادیۆمەوە (Radium, Ra) وەرگیراوە، کە سەرچاوەی ڕادۆنە. ڕادۆن دەکەوێتە کۆتایی دەستەڕاستی خشتەی خولیی توخمەکان و گەردیلەژمارەی ٨٦ و کێشی گەردیلەیی ٢٢٢ و بەهۆکاری ئەوەی کە ئێلیکترۆنی هاوهێزی نییە ( چونکە کۆتا بەرگی ئێلیکترۆنی پڕە) بەشداری کارلێکی کیمیایی ناکات و زۆر بەکەمی حەزی بە وەرگرتن، یان ونکردنی ئێلیکترۆنە و لەهەمانکاتیشدا ئاوێتە دروست ناکات (٢).
کەواتە گازێکی ئاوا بۆچی دەبێت ترسناک بێت بۆ ژیانی زیندەوەران؟ لەم گوتارەدا هەوڵدەدەین پێکەوە هەندێک وردەکاری دەربارەی ئەم توخمە گازییە باس بکەین و زیاتر بیناسین و بزانین دەکرێت خۆمانی لێ بپارێزین، تا بەدوور بین لە مەترسییەکانی!
بوونی گازی ڕادۆن:
وەک ئاماژەی پێدرا گازی ڕادۆن لەئەنجامی شیبوونەوە و هەڵوەشانی توخمە تیشکدەرەکانی وەک یۆرانیۆم و ثۆریۆم و ڕادیۆمەوە دروست دەبێت، واتە بەرهەمدێت. بوونی یۆرانیۆم لە کەڤرە جیاوازەکاندا بەڕێژەی جیاواز هەیە و پشت دەبەستێت بە جۆری بەردەکە و شوێنی دروستبوونی بەردەکە. بەواتایەکی تر بۆ نموونە توخمی یۆرانیۆم توخمێکی تیشکنە ( Radioactive element ) و هەر خۆی بەسروشتی لەماوەیەکی دیاریکراودا ( تەمەنیكی دیاریکراو) هەڵدەوەشێت وردە وردە نامێنێت، یان کەم دەبێتەوە(٢). بێگومان ئەم هەڵوەشانە پاش پێنج هەنگاوی شیبوونەوەی پێشووەوە بەرهەمدێت و بەردەوامیش دەبێت تا دەگاتە توخمی قوڕقوشم ( بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە سەرچاوەی ژمارە ٣). لێرەدا گوتارەکەمان سەبارەت بەم کردە سروشتییە نییە، بەڵکو دەمانەوێت لە توخمی ڕادۆن بکۆڵینەوە و بزانین چییە و چۆن زیانمان پێ دەگەێنێت! کەواتە توخمی ڕادۆن بەبەردەوامی بەرهەمدێت و بەهۆکاری ئەوەی کە توخمێکی گازییە دەچێتە بەرگەهەواوە. گازی ڕادۆن شی دەبێتەوە و دەنکۆڵەی تیشکن بەرهەمدێنێت، کە ئەم دەنکۆڵانە لە ڕێگەی مژین، یان هەناسەدانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناو لەشی مرۆڤەکان و بۆ زیندەوەرانیش بەگشتی و دەبنە هۆکار بۆ سەرەتاکانی شێرپەنجەی ڕێڕەوەکانی هەناسە، یان کۆئەندامی هەناسەدان و بەتایبەتیش بۆ سییەکان ( ٤).
زەویناسی گرنگییەکی گەورەی هەیە لە بنەچەو بڵاوبوونەوەی توخمی ڕادۆن، چونکە جۆری بەردەکان کاریگەرن لە بەرهەمهێنانی ڕادۆندا. بۆنموونە بەردی گرانایت، یان بەردێکی فرە فۆسفاتی، یان قوڕە بەردی پەڕەیی فرە ماددەی ئەندامی، ئەمانە دەوڵەمەندن بە خاوکانی وەک یۆرانیۆم و ڕادیۆم کە سەرچاوەی دروستبوونی گازی ڕادۆنن ( ٢).کاتێک ئەو خاوە تیشکنانە هەڵدەوەشێن و شی دەبنەوە گازی ڕادۆن بەرهەمدێنن و وردە وردە لەگەڵ دوانۆکسیدی کاربۆن و ولەڕێگەی درزەکانەوە تێکەڵ بەهەوا و ئاو دەبێت و کاریگەری دەبێت. بوونی گازی ڕادۆن لە ژینگەیەکی کراوەدا هەر زوو کەم دەبێتەوە و کاریگەری زۆر نابێت و ترسناک نابێت، بەڵام لە ژینگە داخراوەکانی وەک ئەشکەوت و تونێڵ و کانەکاندا ڕێژەکەی بەرزدەبێتەوە و لەوانەیە زۆر کاریگەر بێت. بەهۆکاری ئەوەی گازی ڕادۆن لەناو ئاودا دەتوێتەوە دەکرێت بۆ زیاتر لە ٥کم لەناو بەردی کلسی ژێرزەویدا بگوێزرێتەوە و تا شێواندنێک، یان کەمبوونەوەی پەستانەوە دەچێتە بەرگەهەواوە (١).
گازی ڕادۆن لەناو ماڵدا:
هەناسەدان لەناو ماڵێکدا کە فرە گازی ڕادۆن بێت هۆکارە بۆ مردنی نزیکەی بیست هەزار کەس بە شێرپەنجەی سییەکان لە ئەمریکادا و بۆ مردنی نزیکەی ٢٠٠٠ تا ٣٠٠٠ کەس لە شانشینی یەکگرتوودا ( ٥ ). ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنیا جگەرەکێشان هۆکاری زیاتر مردنە.
گازی ڕادۆن لە خانووە کۆنەکاندا دەکرێت زیادبێت بەهۆکاری درزبردن و تێکچوونی دیوارەکان و شکانی ئاوەڕۆکان و هاتنەناوەوەی گازەکە بۆ نێو ماڵەکان. بێگومان ڕادۆنی ناو ئاو دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر کۆئەندامی هەرس بەڵام توێژینەوەکان لەم ڕووەوە بەردەوامن (٣). ئاوی خواردنەوە لەم ڕووەوە گرنگە ، بۆ نموونە ئەوکەسانەی سەرچاوەی ئاوەکەیان ئاوی ڕووبار و کۆگە ئاوییەکان، یان ئەوئاوەی کە لەناو پرۆسەی پاڵاوتن و چارەسەرکردن تێپەڕدەبن و بەکاردێنن کێشەیەکیان لەگەڵ گازی ڕادۆن نییە، بەڵام ئەوانەی کە یەکسەر ئاوی ژێرزەوی بەکاردێنن و کاتێکی پێویست بۆ دەرچوونی گازەکە نییە و لەوانەیە لە نێو ماڵەکاندا بڕی گازی ڕادۆن زیادبکات، یان ئەو ئاوانەی ،کە بە ناو بەردی گرانایتیدا تێپەڕدەبن، یان بەرکەتنیان لەگەڵ ئەم جۆرە بەردانە هەیە مەترسی زیاتر دەبێت (شێوەی ژمارە ١).
لەوانەیە هەندێکجار ئەو ماددانەی خشت و بلۆکی دیوارەکانی لێدروست دەکرێن فرە ماددەی ڕادیۆم بن، کە ئەمەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەرچوونی گازی ڕادۆن بۆ ناو ماڵەکان زیاد دەکات. لە هەندێک وڵاتی جیهان، وەک کەنەدا دەکرێت بەبڕی ٣٠ تا ٦٠ دۆلار و لەڕێگەی کیتێکی تایبەتەوە ڕادۆنی ناو ماڵەکەت پێوانە بکەیت (٦).



شێوەی ژمارە ١: سەچاوەی گازی ڕادۆن لە ناو ماڵدا ( سەرچاوەی ژمارە ٦).
مەترسییەکانی گازی ڕادۆن:
تیشکدانەوە وادەکات کارلێک لەگەڵ ئێلیکترۆنەکانی چواردەوری گەردەکانی خانەکاندا بکات و بیانکات بەئایۆن. بەئایۆنکردنی گەردەکانی ئاوی شانەکانی ماددەیەکی زیندوو وا دەکات تێکچوونێک لەشانەکان ڕووبدات. لەوانەیە ئەم تیشکدانەوەیە هۆکار بێت بۆ تێکچوونی دی ئێن ئەی خانەکان، کە ئەمەش هۆکارە بۆ نەخۆشییەکان. زانستی پەتاناسی بەڕوونی دیاریکردووە، کە تیشکدانەوە کاریگەرە لە زۆرێک لە شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان و ئەوەی زیاتر ڕوون بووەتەوە کە زۆرێک لە تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان لەنێو کرێکارانی ناو کانەکاندا تۆمارکراوە (٥). بێگومان تاقیکردنەوەی نێو تاقیگەکان زانیاری زۆر زیاتر لەم ڕووەوە بەبەردەوامی دەخاتەڕوو.
خۆپاراستن لە بەرکەوتن بە گازی ڕادۆن:
ئەوەی باشە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گازی ڕادۆن لە ماڵەکاندا دروستکردنی بیناکان بە شێوەیەکی گونجاو و وا بێت هەواگۆڕکێ یەکی تەواو هەبێت و بەتایبەتی بوونی هەر ئەشکەوتیک، یان کەلێنێک لە ژێر خانووەکەدا تەواو پڕبکرێتەوە و ڕێگەی هاتنەناوەوەی گازەکان بۆ ناو خانوو کەم بکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە گرنگییەکی باش بە بۆری ئاوەڕۆکان بدرێت و هیچ لێچوونێک نەبێت. بەگوێرەی ئاوی خواردنەوەوە بەتایبەتی ئەوانەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاوی ژێرزەوی بەکاردێنن باشتر وایە ئاوەکە دابنرێت و کاتی تەواو هەبێت بۆ دەرچوونی گازی ڕادۆن و باشترە ئەو ئاوە بەناو بەردەکانی فرە خاوە تیشکدەرەکانەوە نەیەت، یان بەبەردەوامی پاکردنەوە و کەمکردنەوەی پەستان ئەنجام بدرێت بۆ ڕزگاربوون لە گازی ڕادۆن ئەگەر لەئاوەکەدا هەبێت.
سەرچاوەکان:
1-Selinus, O. (ed.), 2013, Essentials of Medical Geology, Revised Edition, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 805p.
2-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration, and Medical Geology, Research Publishing, 448p.
٣- ئیبراهیم محهمهد جهزا محێدین ،2024، بنهماكانى زهویناسى، دووەم چاپ، چاپخانهى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، 413ل.
4-Selinus (ed)., 2005, Essentials of Medical Geology Impacts of the Natural Environment on Public Health, 812p.
5-Komatina, M., 2004, Medical geology effects of geological environments on human health, Amsrerdam, 486p.
6-Health Canada, 2024, Radon Gas ; it is in your home, Minister of Health,
ISBN: 978-0-660-68824-4