خولانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا..!
  2025-09-16       508       

هێمن مەحمود ئەمین

 

هەمیشە ئەو بیرەوەرییانەی کە خاوەنەکەی کەسی یەکەم یان بڕیار بەدەست یاخود شایەتی نزیکی ڕووداوەکان بووە سەرنجیان ڕاکێشاوم، ئەو کەسانەی لە پەراوێزدا بوون یاخود کاریگەرییەکی وەهایان نەبووە چێژم لە بیرەوەرییەکانیان نە دیوە و خوێندنەوەیانم بە کوشتنی کات زانیوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خوێندنەوەی بیرەوەری وەک بینینی فیلمی ڕابوردوو وەهایە و گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو سەردەمەی کە ڕووداوەکان تێیاندا ڕوویداوە و دەکرێت مرۆڤ ئاستی هۆشیاری زیاتر ببێت و سوود لەو گێڕانەوەی واقیعە ببینێت.

لەم ڕۆژانەدا کتێبی (خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆشدا) م خوێندنەوە کە چاوپێکەوتنێکی (حوسێن محەممەد عەزیز) ە لەگەڵ (جەرجیس فەتحوڵا) لە ساڵی 1997 لە وڵاتی سوێد ئەنجامی داوە.

جەرجیس فەتحوڵا خەڵکی موسڵ و پارێزەر بووە، ساڵانێکی زۆر نزیکی مەلا مستەفای بارزان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و بەرپرسی ڕۆژنامەی فەرمی پارتی و شایەتحاڵی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێککەوتنەکانی حکومەتی عێراق و کورد بووە، ئەو هەرچەندە بە عەرەبی کتێبەکانی خۆی نووسیوە، بەڵام ناوبانگێکی گەورەی لەناو کورددا هەبووە.

ئەم کتێبە هەرچەندە دواتر کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بەهۆی فشارەکانی ئەوکاتی پارتییەوە جەرجیس فەتحوڵا ناچار دەبێت بڵێت دەستکاری بۆچوونەکانم کراوە، بەڵام ئامادەکاری کتێبەکە ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت بە تۆمارکراوی تەواوی چاوپێکەوتنەکەی بڵاوکردۆتەوەو بە حەرف لێی لانەداوە.

جوانی ئەم کتێبەش لە کاتێکدایە جەرجیس فەتحوڵا لە کاتێکدا ئەو قسانە دەگێڕێتەوە لە وڵاتێکی دیکەیە و هیچ بەرژەوەندییەکی لەگەڵ کەسدا نییە و بەلای هیچ لایەنێکی شەڕکەری ئەوکاتی کوردستاندا نایشکێنێتەوە و واقیع وەک ئەوەی هەبوو دەگێڕێتەوە.

کتێبەکە ڕێک دەڵێیت باسی ئێستا دەکات، باسی دەسەڵات و باسی کەسەکانی ناو شۆڕشی کوردی، باسی شەڕکردن لەسەر دەسەڵات، باسی سەنگەر گۆڕین، باسی زوڵم و زۆری بەرپرسان، لە کاتێکدا گێڕانەوەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی پێشووە.

باسی گەندەڵی و شەڕ لەسەر پۆستی حکومی بەغدا و پارێزگاری سلێمانی و ململانێی بەرپرسانی ئەوکات.

لەم کتێبەدا دیوی ناوەوەی ململانێکانی باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی مەلا مستەفا، هەڵوێستیان لەسەر گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و شیوعییەکان، ڕێککەوتننامەی ئازار و ساتەوەختی هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول.

تەنانەت لایەنی سایکۆلۆژی زۆرێک لە کەسایەتی و سەرکردە سیاسییەکانیشی شیکردووەتەوە لە ساتی ململانێکاندا و تێڕوانینێکی واقیعی بۆ حاڵەتەکانیان خستووەتە ڕوو.

ئەوەی گرنگە لەم کتێبەدا ئەوەیە گێڕەرەوە لە ساتەوەختی شەنوکەوکردنی ڕابوردوو بەدوای هیچ بەرژەوەندی و پۆستێکەوە نەبووە و تەمەنی لەوە تێپەڕیوە کە لە بەرژەوەندی لایەک لەدژی لایەکی دیکە قسە بکات هەرچەندە دواتر سەرۆکی پارتی بەفەرمی بە نامە و تەلەفۆن بانگهێشتی کوردستانی دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە و هەر لە کوردستانیش وەفات دەکات، بەڵام ئەمە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە قسەکانی ئیدی بوونەتە مێژووی سەردەمێک.

حەزم نەکرد بە وردی ڕووداوەکانی کتێبەکە بگێڕمەوە چونکە چێژی خوێندنەوەی لە دەست دەدات، بەڵام خۆزگە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان سوودیان لە گێڕانەوەی ڕابوردوو وەردەگرت و هەڵەکانیان دووبارە نەدەکردەوە و نەدەچوونەوە سەر هەمان ڕێگا.

وەک کورد دەڵێت با کای کۆن بە با نەکەین، بەڵام خۆزگە ئێمە بە بامان دەکرد و سودێکمان لێ دەبینی.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×