ھێمن مەحموود ئەمین
ھەموو مرۆڤێکی کورد کاتێک بیر لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو ئەم گفتوگۆیە دەکاتەوە کە ئێستا ھەموویان لە ژیاندا نەماون و گەڕاونەتەوە بۆ لای خودای خۆیان خەفەت بۆ ئەوە دەخوات خۆزگە بە جۆرێکی دیکە سیاسەتیان دەکرد و ناکۆکی و بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان بە لایەک دەخست و بەرژەوەندەی نەتەوەیی باڵایان پێش دەخست و ئەمڕۆ و سبەینێیەکی جوانیان بۆ گەلی خۆیان دابین دەکرد.
(پێنج کاتژمێر لەگەڵ برایم ئەحمەدا) گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەنووسییە و (حسێن محەممەد عەزیز) لە ساڵی ١٩٩٥ لە لەندەن لەگەڵ پارێزەر و سیاسەتمەدار (برایم ئەحمەد) دا سازیداوە.
برایم ئەحمەد ڕووناکبیر و سکرتێری پارتی بووە لە ساڵانی شەستەکاندا، لە مێژووی نوێی سیاسەتی کوردیدا جیا لە بوارە ئەدەبی و ڕووناکبیرییەکەی ڕۆڵێکی دیاری ھەبووە و زۆر جاریش لەڕووداوەکاندا کارەکتەری سەرەکی بووە و سەردەمانێک قسەی یەکلاکەرەوەی لە لا بووە.
لەم گفتوگۆیەدا برایم ئەحمەد بەھۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆرە وازی لە سیاسەت ھێناوە و تەمەنێکی بەڕێکردووەو دونیابینی فراوانتربووە و واقیعەکەی وەکخۆی بینیوە زۆر بەوردی شەن و کەوی ڕووداوەکانی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکانی باشووری کوردستان دەکات و دەست دەخاتە سەر برینەکان و خاڵەکانی ناکۆکی نێوان خۆی و مەلا مستەفای بارزان دەخاتە ڕوو لێکدانەوەی واقیعیشی بۆ دەکات.
برایم ئەحمەدی ئەم گفتوگۆیە زۆر جیاوازە لە برایم ئەحمەدی سەردەمی شەستەکان و ململانێکانی ناو پارتی، لێرەدا نەک یەکلا، بەڵکوو تەواوی چوارچێوەی ڕووداوەکان دەبینێت و پیت دەخاتە سەر خاڵ.
برایم ئەحمەد لەم کتێبەدا لەوە تێگەیشتووە ھۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان خۆی و بارزانی جگە لە چەند لایەنێکی ناوخۆیی و عەبدولکەریم قاسم و دەسەڵاتدارانی دواتری عێراق، وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئەمریکا بوون و نەیانویستووە کورد یەکگرتوو بێت.
وەک ھەموو مێژووی کورد، ئەوەی کوردی پەرتەوازەکردووە و وایکردووە کورد نەبێتە ھیچ ھەر وەک ئێستا دەستخستنە ناو بزووتنەوەی کوردایەتی بووە لەلایەن نەیارەکانەوە و دروستکردنی دووبەرەکی بووە.
وەک دەڵێن ئێستا بەرھەمی مێژووە، ئەمە ڕێک بۆ ئێستای ئێمە دەگونجێت، ئێمە ئەگەر مێژووەکەمان بەباشی بھاتایە و شەڕ و ناکۆکی و بەرژەوەندی شەخسی و خراپ خوێندنەوەمان بۆ پێدراو و واقیع نەبووایە ئێستامان زۆر باشتر و جوانتر دەبوو.
لەم کتێبە بەسەرھات و ڕووداوی زۆر سەیر سەیری تێدایە، دەکرێت خوێندنەوەی دەروونناسی بۆ ڕووداو و کەسایەتییەکان بکرێت، سەرەتای ناکۆکی حیزبی و نا ئیلتیزامی و بێسەروبەرەیی و ھۆیەکانی دابەشبوون و لێکترازانی سیاسیی زۆری تیایە.
برایم ئەحمەد باس لە ڕووداوێک دەکات دەڵێت کاتێک سەرەتای ناکۆکیمان بوو لەگەڵ بارزانی، کۆبوونەوەیەکمان کرد چیبکەین، دەڵێت زۆرێک لەوانەی ئامادەبوون وتیان ھاتنە سەرمان شەڕیان دەکەین، بەڵام مام جەلال دژی شەڕ بوو. دەشڵێت یەکێکمان وتی با شەڕ بکەین (سەرکردەیەکی بەناوبانگە)، من دەچمە سەر پردەکە و یەکە یەکە دەیانکوژم، کەچی بەر لە شەڕ ژنەکەی ھات بە بیانووی نەخۆشییەوە بردییەوە.
ھەروەھا دەڵێت یەکێکی ترمان دانابوو بۆ پاراستنی ئاوەکەی تەنیشتمان کەچی ھەر ئەو کەسە بە کەڵەکی خۆمان ڕۆیشت چەکدارەکانی بارزانی ھێنا. برایم ئەحمەد دەڵێت کە شەڕ دەستیپێکرد کەسێکی وامان بە دەورەوە نەما، ئێمەش ھەڵاتین بۆ ئێران.
ھەر لەو کتێبەدا دەڵێت جارێک لە ماڵی سەرۆک ئاغایەک ژمارەیەک سەرۆک خێڵ و ھۆز لە کۆیە من و بارزانییان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانمان کۆتایی پێبھێنین، ئاغایەک وتی کێشەی ئێوە لەسەر چەک و پارەیە، ئێمە بۆ ئەوەی ئێوە ڕێک بخەین دەبێت بزانین ئێوە لە کوێ و چەندێک پارە و چەکتان بۆ دێت؟ بەم قسەیەک بارزانی زۆری پێناخۆشبوو وتی برایم عەیب نییە ئێمە خەڵک ڕێکمان دەخاتەوە، منیش وتم بەرەوەڵا.
یەکێک لە کێشەکانی سیاسی کورد ئەوەیە نایەت لە شەرەفنامەوە دەست بکات بە خوێندنەوەی مێژوو تاوەکوو بەرچاوی ئێستای ڕوون بێت و بزانێت چیبکات، ئەسڵەن نەک ھەر ناخوێننەوە بەڵکوو گاڵتەشیان بە کەسانی خوێندەوار و دڵسۆز دێت و چواردەوری خۆیان پڕ کردووە لە کەسانی نەخوێندەوار و کاسەلێس، لەو کەسانەی کە ھانی شەڕ و ناکۆکییان دەدەن و کاتێکیش شەڕ دەستپێدەکات یەکەم کەسن ھەڵدێن.
خۆزگە ھەمووان لەم جۆرە کتێبەیان دەخوێندەوە..