سێیەمین بەرهەمی نوێی ئەم ساڵی نووسەر (دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز)، (باشووری کوردستان لەنێوان ساڵانی 1920-2020)
ئەم بەرهەمە نوێیە، لە دووتوێی«116» لاپەڕە دایە. شایانی باسە، تا ئێستە نووسەر بە گشتی، «54» بەرهەمی لە بوارە جیاجیاکانی «زمانەوانی، وێژەیی، ڕۆژنامەوانی، یاد و بیرەوەری، ساتیر، مێژوو، جوگرافیا و جیۆپۆلێتیک، کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و نەتەوەیی»دا چاپ و بڵاوکردووەتەوە، بە هەمووشی «264. 12» لاپەڕەی نووسیوە.
نووسەر لە پێشەکی بەرهەمەکەیدا نووسیوێتی: (بەرهەمەکە لە کۆمەڵێ وتاری مێژوویی، نەتەوەیی و ڕامیاری، هەمەچەشنەی گرنگ پێکهاتووە، لە چەن سەردەمێکی جیاوازی گەل و نیشتمانەکەمدا نووسراون. پێوەندییەکی زۆر توندوتۆڵیان، بە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاری، ئەم سەردەمەی باشووری «کوردستان» بە تایبەتی و گشت بەشەکانی دیکەی «کوردستان»ی مەزن بە گشتیەوە هەیە. هێندێکیان لە چەن کۆڕێکی تایبەتی، لە چەن شار و شارۆچکەیەکی «کوردستان»، کورتەیەکیانم پێشکەش بە شارەزایان و ڕووناکبیرانی گەلەکەم کردووە. پاشان دەمەتەقێیەکی زۆریان لەسەر کراوە و جێی ڕەزامەندی بەشداران بوون. بۆیە زۆر بە پێویستم زانی، بابەتەکان کۆکەمەوە و لە ئەم بەرهەمە نوێیە ڕازاوەیەدا، پێشکەش بە خوێندەوارانی هێژای گەلەکەمی بکەم، بەڵکوو کەڵکێکی هەبێ و ئامانجەکانی خۆی بپێکێ.)
ناوەڕۆکی پەرتووکەکەش، لە ئەم بابەتانەی خوارەوە پێکهاتووە: «هێندێ زانیاری سەبارەت بە مێژووی کورد، باشووری کوردستان لەنێوان ساڵانی 1920-2020، یەکەمین جەنگی جیهان و کێشەی کورد، ڕێککەوتننامەی سايكس بيكۆ، پەیماننامەی سێڤر و کێشەی کورد، هەوڵەکانی ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان، ڕێککەوتننامەی لۆزان، حەسەن خەیری بەگ کێیە؟! یەکەمین دابەشکردنى کوردستان، ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریای عوسمانی و سەفەوی، دووەمین دابەشکردنى کوردستان، کۆنگرەی قاهیرە و چارەنووسی کورد، دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق، کوردستان و چەن قۆناغێکی نوێ، پەندی مێژوویی، کورد و دوو بەڵگەنامەی گرنگی حاشاهەڵنەگر، ئاییندەی کوردستان و سەرکردەی پارتەکان، کێشەی کورد و ئاییندەی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوا؟»
تێبینی: شایانی باسە، نووسەر ئەم ساڵ سێ بەرهەمی جیاوازی چاپ و بڵاوکردووتەوە:
پێنج کاتژمێر لەگەڵ برایم ئەحمەددا، چاپی چوارەم، 22. 3. 2025.
ناتۆرە و نازناو لە کۆمەڵی کوردەواریدا، چاپی یەکەم، 14. 8. 2025.
باشووری کوردستان لەنێوان ساڵانی 1920-2020، چاپی یەکەم، 14. 9. 2025.
هەر سێ بەرهەمەکەشی، بە قازانج و مایەوە، بۆ نەخۆشخانەی «هیوا» تەرخانکردووە.