من ڕقم لەخەمساردەکانە
  2025-10-06       542       

ئەنتۆنیۆ گرامشی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

منیش وەک فریدریک هێبڵ پێم وایە”ژیان هەڵوێستە“. ئەستەمە کەسانێک هەبن تەنها کەسانێکی بێگانە بن بە کاروباری شار و ئەو ڕووداوانەی تیایدا ڕوو دەدەن و هیچی تر. چونکە ئەوی بە ڕاستی دەژی، ناتوانێ هاووڵاتی و خاوەنهەڵوێست نەبێت. خەمساردیی، تەمبەڵی و، ڕەگەڵی و ترسنۆکییە. خەمساردیی، ژیان نییە. لەبەر ئا ئەمەیە کە من ڕقم لە خەمساردەکانە.

خەمساردیی، کێشی مردووی مێژووە، ئەو فیشەکەیە کە چاکسازیخواز لەناو دەبات، ئەو کەرەستە ڕەقەیە کە زۆر کات پەرۆشیی هەرە پرشنگدار لەناو دەبات، ئەو زەلکاوەیە کە دەوری شارە دێرینەکەی داوە و لە شورا هەرە سەختەکان و، لە سنگی ئەو جەنگاوەرانەی لەپێناویدا دەجەنگێن، باشتر بەرگری لێ دەکات، لەبەر ئەوەی پەلاماردەران لەناو قوڵپی قوڕ و لیتەی خۆیدا هەڵدەلووشێت و لەناویان دەبات و، هەندێک جار ناچاریان دەکات دەست لە ئەرکی پاڵەوانانەی خۆیان هەڵبگرن.

خەمساردیی، بە بەهێزی کار لە مێژوو دەکات. بە شێوازێکی نەرێنی کاری تێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کار لە مێژوو دەکات. خەمساردیی، بێ چەند و چوونییە، ئەو ناچارییەیە کە ناتوانرێت خۆی لێ لا بدرێت، ئەو شتەیە کە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت؛ ئەو شتەیە کە بەرنامەکان دەلەرزێنێت و وەستایانە پلانە گەڵاڵەکراوەکان تێک دەدات؛ ئەو کەرەستە خاوەیە کە لە دژی ژیریی یاخی دەبێت و دەیتاسێنێت. هەرچی سەبارەت بەو شتەش هەیە کە لە دواییدا ڕوو دەدات، لەگەڵ ئەو خراپەیەدا کە بەسەر هەموواندا دێت و، لەگەڵ ئەو چاکە چاوەڕوانکراوەدا کە دەشێت کردەیەکی پاڵەوانانە- کردەیەکی خودان بەهایەکی جیهانی- ئەنجامی بدات، هۆکارەکەی بۆ دەستپێشخەریی کەمایەتییەک لەو خەڵکانە ناگەڕێتەوە کە چالاکن و هەڵدەسووڕێن، بە ئەندازەی ئەوەی هۆکارەکەی بۆ نائامادەییی زۆرینەی خەڵک دەگەڕێتەوە. ئەوە نابێت کە بوو لەبەر ئەوەی زۆرێک لە خەڵک ویستیان ئەوە ببێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئاپۆرای خەڵک ڕادەستی ویستی ئەو شتە دەبن و لێدەگەڕێن شتەکان وەک خۆیان بڕۆن و، لێدەگەڕێن هێڵەکان کەڵەکە ببن، ئەو هێڵانەی کە لە دواییدا تەنها شمشێر دەتوانێت بیبڕێت، لێدەگەڕێن یاساکان بڕیار بدەن، ئەو یاسایانەی کە تەنها شۆڕش ڕەتیاندەکاتەوە، لێدەگەڕێن پیاوانێک دەسەڵات بگرنە دەست، پیاوانێک کە تەنها یاخیبوونێکی گشتی دەتوانێت لە دەسەڵات لایان بەرێت.

ئەو بێ چەند و چوونییەی وا دەردەکەوێت بەسەر مێژوودا زاڵە، لە ڕووکەشی وەژارەئامێزی ئەم خەمساردییە و، ئەم نائامادەییە زیاتر نییە. هەندێک بوویەر هەن لە تاریکی و دەستانێکی کەمدا گەشە دەکەن، بەبێ هیچ ئاراستەکار و ڕەقیبێک بەجێ هێڵراون، چنراوی ژیانی بە کۆمەڵ دەچنن و خەڵک لەمە بێئاگان لەبەر ئەوەی خەمساردن. چارەنووس و قەدەرەکانی سەردەمێک لە سەردەمەکان، بە گوێرەی ڕوانگە و دیدە سنووردارەکان، بۆ ئامانجە ڕاستەوخۆکان و، خواست و ئارەزوو و حەزە کەسی و تایبەتەکانی ژمارەیەک دەستە و گروپی پچووکی چالاک، گەمەیان پێ دەکرێت، خەڵکیش لەمە بێئاگان لەبەر ئەوەی خەمساردن. بەڵام ئەو بوویەرانەی گەشەیان کردووە، دەگەنە خاڵی کۆتایی، بەڵام ئەو چنراوەی لە تاریکیدا چنراوە، تەواو دەبێت و ئەو کات وا دەردەکەوێت ئەوە بێ چەند و چوونییە کە هەموو شتێک و هەمووان لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات. ئەو کات وا دەردەکەوێت کە مێژوو تەنها دیاردەیەکی سروشتیی لەڕادەبەدەر و، تەقینەوە و، بوومەلەرزەیەکە، هەمووان، ئەوی بیەوێ و ئەوی نەیەوێ، ئەوی بزانێ و ئەوی نەزانێ، ئەوی چالاک بێ و ئەوی خەمسارد بێ، تیایدا دەبن بە قوربانی. پاشان یارۆی خەمسارد تووڕە دەبێ و دەیەوێ خۆی لە ئاکامەکان بدزێتەوە، دەیەوێ شتەکە ڕوون بێت کە ئەو نەیویست ئەوە ڕوو بدات کە ڕووی دا و، ئەو لەو شتە بەرپرسیار نییە کە ڕووی دا. هەندێک کەس بە شێوەیەک کە جێی بەزەییە خۆیان دەخەنە گریان و، هەندێکیش جوێنی ناشیرین دەدەن، بەڵام کەسێک نییە، ئەگەر هەیشبن ژمارەیان کەمە، بپرسێت و بڵێت: ”ئەگەر منیش ئەرکی سەر شانی خۆمم جێبەجێ بکردایە، ئەگەر هەوڵمبدایە ویستی خۆم بسەپێنم، ئەگەر سەرنجی خۆمم بخستایەتە ڕوو، ئایا ئەوە ڕووی دەدا کە ڕووی دا؟“ کەسێک نییە، ئەگەر هەیشبن ژمارەیان کەمە، لە خۆی بپرسێتەوە و بەرپرسیارێتیی ئەوەی ڕوویدا بخاتە ئەستۆی خەمساردیی و بەدگومانییەکەی خۆی و، خۆی تۆمەتبار بکات لەبەر ئەوەی هێزی مەچەکی خۆی و چالاکیی خۆی پێشکەشی ئەو دەستە و گروپە لە هاووڵاتییان نەکرد کە تێدەکۆشان و بۆ گەڕان بە دوای ئەو چاکەیەدا پێشڕەوییان دەکرد تاکو خۆیان لە کەوتنە ناو خراپە بپارێزن.

زۆرینەی ئەو کەسانە، کاتێک ڕووداوەکان کۆتاییان دێت، بە پێچەوانەوە پێیان باشە باسی دۆڕانە هاوشێوەکان و، ئەو بەرنامانە کە بە تەواوی هەرەسیان هێنا و، هەروەها باسی هەندێک شتی دیکەی جوان بکەن. بەم چەشنە، لە هەموو بەرپرسیارێتییەک خۆیان بێبەری دەکەن. وێڕای ئەوەی شتەکان بە شێوەیەکی ڕوون نابینن و هەندێک جاریش ناتوانن بە شوێن چارەسەری سەرنجڕاکێش بۆ کێشە بەپەلەکاندا بگەڕێن، یاخود بە دوای چارەسەر بۆ ئەو شتانەدا بگەڕێن کە پێویستیان بە چارەسەرێکی بەپەلە هەیە، هەرچەندە پێویستیان بە ماوەیەکی زۆر لە خۆئامادەکردن و هەروەها کاتێکی زۆر هەیە. بەڵام ئەو چارەسەرانە بە شێوەیەکی جوان وەک خۆیان هەر بە چارەسەرێکی نەزۆک دەمێننەوە، بەڵام ئەم بەشدارییە لە ژیانی کۆمەڵدا ڕووناکییەکی ئاکاریی نایبزوێنێت؛ بەڵکو بەرهەمی ڕەگەڵییەکی هزرییە، نەک بەرهەمی هەستکردنێکی بەهێز بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی کە چالاککردنی لە هەمووان دەخوازێت، هەستێک کە نازانمخوازیی و خەمساردیی بە هەموو شێوەکانییەوە ڕەت دەکاتەوە.

هەروەها من ڕقم لە خەمساردەکانە، لەبەر ئەوەی بە درۆ خۆهێنانەگریانیان تووشی نیگەرانیم دەکات، خۆهێنانەگریانی کەسانێکی بۆ هەمیشە بەری و بێ تاوانە. من لە هەر کەسێک لەو کەسانە سەبارەت بەوە دەپرسم چۆن ئەو ئەرکەی ڕۆژانەی خۆی ڕاپەڕاند کە ژیانی پێی سپارد، سەبارەت بەوەی چی کرد و بە تایبەتی چی نەکرد، پرسیاری لێ دەکەم. هەستیش دەکەم کە من ناتوانم لەگەڵ ئەو کەسانەدا ڕەق و توند بم، نابێت بەزەییم پیایاندا بێتەوە و فرمێسکیان لەگەڵدا بەش بکەم. هەڵوێست وەردەگرم، دەژیم، لەناو هۆشیارییی مرۆیی ناخمدا، هەست بە ترپەی چالاکیی شاری داهاتوو دەکەم، کە ڕۆڵی من بونیادی دەنێت. لەناو ئەم شاری داهاتووەشدا، ڕیزبەندیی کۆمەڵایەتی سەنگ و قورسایی خۆی لەسەر کەمایەتییەک لە خەڵک دانانێت و، هەموو ڕووداوێکیش تیایدا بەرهەمی ڕێکەوت و بەرهەمی بێ چەند و چوونی نییە، بەڵکو بەرهەمی کارێکی ژیرانە دەبێت کە هاووڵاتییان ئەنجامیان دا. لەناو ئەم شاری داهاتووەدا کەسێک نییە لەبەردەم پەنجەرە ڕابووەستێت و تەماشا بکات، لە کاتێکدا کە کەمێک لە خەڵک خۆیان دەکەنە قوربانی و، خۆکوژانە قوربانی دەدەن؛ هەرچی ئەو کەسەش هەیە کە لەبەر پەنجەرە ڕادەوەستێت و، چاودێریی دەکات، دەیەوێت ئەو چاکە کەمە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، کە چالاکیی کەمایەتی بەرهەمی دەهێنێت، لە دواییدا بە جوێن و تەشەر دڵی نائومێدیی خۆی دەداتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×